پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ژمارەیەك ئەندامی پەرلەمانی عێراق واژوویان كۆكردووەتەوە بە مەبەستی سەركۆنەكردنی لەشكركێشی و داربڕینەكانی توركیا لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و چونكە ئەو كارەی توركیا زیانێكی زۆر بە ژینگەی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت.
سەلیم شوشكەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئەو لە شكركێشیانەی هەیە لەلایەن توركیاوە بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان پێشێلكردنی دەستوور و سەروەری خاكی عێراقە، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، بۆیە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق واژوو كۆكرایەوە دژی ئەو داربڕینەی توركیا لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدات چونكە زیانێكی زۆر بە ژینگەی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت.
ئەو پەرلەمانتارە وتی: تەنها بە كۆكردنەوەی واژوو ناوەستین پەرلەمانی عێراق نامەی ناڕەزایی دەدات بە باڵیۆزخانەی توركیا لە بەغدا و هەموو لایەك ئاگاداردەكەنەوە كە پێویستە رێز لە خاكی عێراق بگیرێت.
روونیشیكردەوە پێویستە هیچ هێز و تاقمێك سنورەكانی عێراق بۆ بەرژەوەندی خۆی و تێكدانی یەكپارچەیی عێراق بەكارنەهێنێت.