بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندنى ئەمساڵ چەند پێشنیارێك دەخرێتەڕوو

پۆڵەتیك پرێس

یەكێتی مامۆستایان داوای دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندن دەكات بۆ ئەو مەبەستەش چەند پێشنیارێكیان تاوتوێكردووەو لە داهاتوویەكی نزیكدا ئاڕاستەی هەریەكە لە وەزارەتەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵای هەرێمی دەكەن، تاوەكو بتوانرێت لەوادەیەكی نزیكدا دەست بەخوێندن بكرێتەوە.

 داوا دەكرێت هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، لە مانگی 9ی ئەمساڵەوە خوێندنگاكان بكرێنەوە

تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەكان بەهۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەفەرمی كاتی دەستپێكردنەوەی وادەی خوێندنیان رانەگەیاندووە، هاوكات بەهۆی كۆرۆناوە ساڵی پێشووی خوێندن پێشتر لەوادەی خۆی كۆتایی پێهات.

لە 25ی شوباتی ئەمساڵەوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دەرگای خوێندنگاكان داخران و یەكێتی مامۆستایانیش داوا دەكات هاوشێوەی ساڵانی رابردوو لە مانگی 9ی ئەمساڵەوە خوێندنگاكان بكرێنەوە.

 پێویستە پێداچوونەوە بەشێوازی دەوامكردندا بكرێت، بەجۆرێك ئاسانكاری بۆ مامۆستاو خوێندكاران بكرێت

 


عەبدولواحید محەمەد سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی وتی “یاداشتێكمان ئامادەكردووەو لەچەند خاڵێكدا داواكارمان خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی وەزارەتی پەروەردە كار بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام لە ناوەندەكانی خوێندن بكاتەوە”.

راشیگەیاند، یەكێك لە داواكارییەكانمان پێدانی مووچەیە لەكاتی خۆیدا، چونكە یەكێكە لە هۆكارەكان بۆ ئەوەی مامۆستایان بەردەوامی پرۆسەی خوێندن بدەن، داواكارییەكەی دیكەشیان پاككردنەوەی بەردەوامی ناوندەكانی خوێندن و خۆپارێزیكردنە لە تووشبوون بەنەخۆشییەكە.

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، پێشنیارێكی دیكەیان ئەوەیە پێویستە پێداچوونەوەیە بە شێوازی دەوامكردندا، بەجۆرێك ئاسانكاری بۆ مامۆستاو خوێندكاران بكرێت تاوەكو بەدووربن لەتووشبوون بە كۆرۆنا.

 

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لای خۆیانەوە ئەو داواكارییانەیان پەسەندكردووە، واش بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئاڕاستەی وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵای بكەن تاوەكو بەهەموو لایەكەوە هەماهەنگی بكرێت و میكانیزمێكی گونجاو بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بگیرێتەبەر.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا