ئیدارەی كەرمیان لەبارەی روباری سیروانەوە بڕیاردەدات

پۆڵەتیك پرێس

لەكۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بواری ژینگە لەگەڵ ئیداری گەرمیان بڕیاردرا سەرجەم کانەکانی چەو و لم ( غەسالەکان ) لاببرێن و بكرێن بەكەسارە.

عەباس ئەنوەر، وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لەكۆبوونەوەكەدا سەرجەم پێشێلکاری و کاولکاریەکانی سەر ڕووباری سیروان خراونەتە رو.

وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان وتی، ئەو کارگانە لەگەڵ ئەوەی سودیان بۆ ژێرخانی ئابوری سنورەکە ھەیە و کەرەستەی بیناسازی بۆ گەرمیان دابیندەکەن و ھەلی کاریان بۆ ھاوڵاتیان رەخساندووە، بەڵام بەکارکردنی دەیان ساڵەیان ھۆکار بوون بۆ تێکچوونی ژینگەی روباری سیروان و گۆڕینی رێڕەوی روبارەکە و لەناوبردنی دار و سەوزایی.

وتیشی، ئیدارەی گەرمیان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی رابردوودا ھەنگاویان بۆ رێکخستنەوەی کاری کارگەکانی گرتوەتەبەر و سزا بەسەر کارگەکاندا سەپێنراوە، بەڵام پێویستە کاری ئەم کارگانە بەشێوەیەک رێکبخرێنەوە کاریگەریان نەبێت لەسەر تێکدانی ژینگەی سەر روباری سیروان.

عەباس ئەنوەر راشیگەیاند ، بە جێبەجێ کردنی بڕیارەكانی تایبەت غەساڵەكان و رێکخستنەوەی شێوازی كاركردنیان ژیان بۆ ڕووباری سیروان و سرووشتەکەی دەگەڕێتەوە.

هاوكات، شاهۆ عەبدوڵا ، چالاكوانی مەدەنی لەسنوری ئیدارەی گەرمیان و بەشداربووی ئەو كەمپینەی داوای پاراستنی ژینگەی روباری سیروان دەكەن، بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لەدوای رۆژی 31-12-2021 ھیچ غەسالەیەک لەسەر ڕوباری سیروان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان نامێنێت و دەبێت بکرێن بە کەسارە و ئەو شاخە بەردینانە لەناو بەرن کە چەندین ساڵە كۆکراوەتەوە.

وتیشی، لە دوای ئەو بەروارەوە سەرجەم ھۆپەر و ھەزاز و حەفارەکان نامێنن لەسەر ڕووباری سیروان و تەنھا کەسارە لە سەر چەمی سیروان دەمێنت و ئەوانیش تا ئەو کاتە کار دەکەن کە (جلمود)ی كارگەكانیان تەواو دەبێت و دوای ئەوە کەسارەکانیش نامێنێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیار دراوە لەگەرمیاندا كەرەستەی کەسارە بەکار بھێنرێت و ڕێگە نەدرێت كەرەستەی چەو و لم لە دەرەوەی گەرمیانەوە بھێنرێت، ئەوەش بۆ بەرژەوەندی خاوەنی کەسارەکان و بەبازاڕ کردنی كەرەستەكانیان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا