كۆسرەت رەسوڵ: یەكێتی نەبێتە بەشێك لە چەوساندنەوەی خەڵك

پۆڵەتیك پرێس

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی دەڵێت، دەبێت یەكێتی پێشەنگی خزمەتكردنی خەڵك و داكۆكی كردن لە دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ بێت، پێشەنگی دیموكراسی و چاكسازی بێت و نەبێتە بەشێك لە هەوڵدان بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین و چەوساندنەوەی خەڵك و حوكمڕانیەكی ناتەندروست و ناسەقامگیر.

بەبۆنەی 46 ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆسرەت ڕەسول عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكانی تەنها شۆڕشیان هەڵنەگیرساندەوە، بەڵكو خەباتیان كردو قوربانیان دا تا لە ساڵی 1991 ڕابەرایەتی ڕاپەڕینمان كرد و كوردستانمان لەبەعسی فاشیست پاككردەوە، یەكەم هەڵبژاردن لەكوردستان ئەنجامدراو كورد بووە خاوەنی حوكمڕانی هەڵبژێردراوی خۆی، بەردەوام بووین تا رووخانی ڕژێمی بەعس و ئازادكردنی عێراق لە حوكمی دیكتاتۆری و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی عێراقێكی فیدرالی دیموكراسی، هەموو ئەوانە یەكێتی ڕابەرو پێشەنگی بوو.

دەقی پەیامەكە:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان
ئەندام و دۆست و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

لە چل و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆمتان ئاراستە دەكەم و هیواخوازم ئەم یادە پیرۆزە ببێتە هەوێنی تەبایی و یەكڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەكان و هەوڵدان بۆ كۆتایی هێنان بە قەیران و تەنگژەكان، بەتایبەتی كە هێشتا ناوچەكە لەژێر مەترسی دایەو تیرۆرستان مەترسییەكانیان بەردەوامە.

ئەمڕۆ چل و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، ئەو یەكێتییەی لەدوای نسكۆی شۆڕش و بێ ئومێدی گەلەكەمان دامەزراو لە شاخە سەركەشەكانی كوردستان دەستی بە خەبات كردەوە، بێ ئومێدی گەلەكەمانی گۆڕی بۆ بەرگری كردن و ڕزگاركردنی كوردستان لە دڕندەترین ڕژێمی فاشیست و دیكتاتۆر، بە هەموو لایەكی گوت تا كوردێك مابێت خەبات بەردەوامەو پێشمەرگە قارەمانەكان و تێكۆشەرانی گەلەكەمان بەرگری دەكەن و بست بە بستی ئەم خاكە دەپارێزن.

یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكانی تەنها شۆڕشیان هەڵنەگیرساندەوە، بەڵكو خەباتیان كردو قوربانیان دا تا لە ساڵی ١٩٩١ ڕابەرایەتی ڕاپەڕینمان كردو كوردستانمان لەبەعسی فاشیست پاككردەوە، یەكەم هەڵبژاردن لەكوردستان ئەنجامدراو كورد بووە خاوەنی حوكمڕانی هەڵبژێردراوی خۆی، بەردەوام بووین تا رووخانی ڕژێمی بەعس و ئازادكردنی عێراق لە حوكمی دیكتاتۆری و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی عێراقێكی فیدرالی دیموكراسی، هەموو ئەوانە یەكێتی ڕابەرو پێشەنگی بوو.

كوردستانیانی خۆشەویست…

ئەمڕۆی كوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی تێكۆشەران و شەهیدە قارەمانەكانمانە، ئەو كەڵەپیاو و جوامێرانەی ژیان و گیانی خۆیان كردە قوربانی گەلەكەمان، بۆیە ئەركە لەسەرشانی هەموومان یەكێتی بپارێزین و ڕێگەنەدەین لە شاڕێگای خۆی لابدات، دەبێت یەكێتی پێشەنگی خزمەتكردنی خەڵك و داكۆكی كردن لە دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ بێت، یەكێتی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی چەوسانەوە دامەزراو خەباتی كرد بۆ زامنكردنی ژیانێكی شەرەفمەندانە بۆ گەلەكەمان، ئەمڕۆ و بەیانیش دەبێت هەر لەم پێناوە خەبات بكات و پێشەنگی دیموكراسی و چاكسازی بێت و نەبێتە بەشێك لە هەوڵدان بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین و چەوساندنەوەی خەڵك و حوكمڕانیەكی ناتەندروست و ناسەقامگیر.

جارێكی تر پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەرو تەواوی كوردستانیان دەكەم.

كۆسرەت ڕەسول عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک