لەسەر جینۆسایدی درەختەکانی کوردستان لەلایەن تورکیاوە پەنادەبرێتەبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

پۆڵەتیک پرێس

سوپای تورکیا بەسەدان تەن داری ناوچە کوردییەکان دەسوتێنێت و دەبڕێتەوە و دەیانباتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی، ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری سیاسەتمەداران و چالاکوانان و ژینگەدۆستانی لێکەوتووەتەوە و داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن رێگری لەتورکیا بکات لەزیانگەیاندن بە سروشتی کوردستان.

ژمارەیەک چالاکوان و بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەکوردستان هەستاون بەهەڵمەتی تاگکردنی هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی دەستوەردان و رێگریکردن لەسوپای تورکیا لەبڕینەوەی ئەو درەختانە کە رۆژانە نزیکەی 450 تەن درەختی کوردستان دەبڕێتەوە و دەیباتە تورکیا.

لایخۆیەوە عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفەیسبوکی خۆی پەیامێکی ئاراستەی دەزگا میدیا جیهانییەکان کرد تیایدا نوسی، “ئەم وێنانەی دەیبینن دیمەنی سوپای تورکیایە کە بەشێکی خاکی باشوری کوردستانی داگیرکردووە، چۆن بەشێکی دارستانەکمان دەسوتێنێت، بەشێکی دیکەشیان دارەکانی دەبڕێتەوە و دەیباتەوە بۆ تورکیا، کە رۆژانە نزیکەی 450 تەن درەخت دەبڕێت و دەیبات”.

May be an image of road and tree

لەلایەکی دیکەوە عەبدولستار مەجید، ئەندام پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، “لە سی ساڵی رابردووی حوکمڕانی کوردیدا ئەم دەسەڵاتە نەیتوانیوە سنورێک بۆ پاراستنی خاک و خەڵک و ئاوی کوردستان دابنێت تا کارگەیشتووە بەوەی کە بۆتە مەیدانی تەراتێنی وڵاتان و تۆپباران کردن و شەهیدکردن و ئاوارەکردنی خەڵکەکەی و سوتاندنی ماڵ و باخی خەڵک کە دواترینیان بڕینەوەی دارستانەکان لەلایەن تورکیاوە و بەتاڵان بردنی ئەو دار و درەختانەی کە ئەم دەسەڵاتە دەستی لە ناشتنیشیاندا نەبووە و هێشتاش بەدیار ئەو کارەساتەوە دانیشتووە و تەنها تەماشاکاری دۆخەکەیە”.

سوپای تورکیا بەسەدان تەن داری ناوچە کوردییەکان دەسوتێنێت و دەبڕێتەوە و دەیانباتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی

دەشڵێت، “بەڵام ئەگەر هاوڵاتییەک لەبەر ناچاری و لەزستاندا دارێک ببڕێتەوە بۆ خۆ گەرمکردنەوە، هەزار کێشەی بۆ دروست دەکەن، کەچی بۆ ئەو دەستدرێژییە خەتەرەی تورکیا نەک رێگەی لێناگیرێت، تەنانەت قسەیەکیش لەدژی ناکەن”.

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ژینگەیی هەرێم، رۆژانە تورکیا زیاتر لە 400 تەن درەخت لەچیای جودی لەباکوری کوردستان و زاخۆ لەهەرێمی کوردستان دەبڕێتەوە و دەیباتە تورکیا.

هەر بەپێی ئەو سەرچاوانە لەسێشەممەی رابردووەوە سوپای تورکیا کە زیاتر لە 70 کرێکاریان لەگەڵدایە، رۆژانە لەڕێی بەکارهێنانی 30 تراکتۆرەوە کۆتایی بەژیانی زیاتر لە 400 تەن درەختی ناوچە کوردییەکانی باکوری کوردستان و هەرێم دەهێنن، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بەردەستن، تەمەنی ئەو درەختانە زیاتر لە 100 ساڵە.

سەرباری هێرش و لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان و ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم و گرتنەوەی ئاوی هەردوو روباری دیجلە و فورات و بێئاوکردنی بەشێکی زۆر لەناوچە کوردستانییەکان، جارێکی دیکە و بەشێوەیەکی جیاواز لە سێشەممەی رابردووەوە لەچەند ناوچەیەکی هەرێم و باکوری کوردستان سوپای تورکیا هەستاوە بە سوتاندن و بڕینەوەی درەخت و دارستانەکانی ئەو ناوچانە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لەچەند ساڵی رابردوودا تورکیا پەلاماری شاری عەفرینیدا کە دەکەوێتە رۆژئاوای کوردستان و ماوە ماوە دار زەیتونەکانی ئەو شارەی دەبڕیەوە و هەندێکیانی فەوتاند و بەشێک لەو دار زەیتونانەش رەوانەی تورکیا کران.

May be an image of outdoors

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا