ئێران پێگەیەکی نهێنی ئەمریکای لەهەولێر بۆردوومانکردووە؟

پۆڵەتیک پرێس

رۆژنامەی جیرۆزالیم پۆستی ئیسرائیلی شیکردنەوەی بۆ ئەو هێرشە کردووە کە لەمانگی نیسانی رابردوو لەلایەن میلیشیاکانی ئێرانەوە لەڕێی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرایەسەر بارەگای نهێنی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا لەهەولێر.

بەپێی بڵاوکراوەکەی جیرۆزالیم پۆست، ئێران لەتوانایدایە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بنێرێتە عێراق و زانیاری تەواوەتی لەسەر بنکە نهێنییەکانی ئەمریکا کۆبکاتەوە و هێرشبکاتەسەریان.

لەو راپۆرتەی جیرۆزالیم پۆستدا هاتووە، ئەم جۆرە فڕۆکەیە لەجۆری فڕۆکەی کامیکازی بکوژە و ئێران ئەم تەکنیکەی بەکارهێناوە دژی وێستگە نەوتییەکانی سعودیەش، هاوشێوەی ئەو فڕۆکە درۆنانەیە کە حوسییەکان لەیەمەن بەکاریدەهێنن و هێرشی پێدەکەنەسەر سعودیە، تەنانەت بزوتنەوەی حەماسیش لەمدواییانەدا دژی ئیسرائیل ئەم جۆرە فڕۆکەیەی بەکارهێنا.

بەپێی رۆژنامە ئیسرائیلییەکە، “ئێران بەمشێوەیە فڕۆکە درۆنەکانی دەنێرێتە وڵاتانی ناوچەکە، بەڵام هێرشەکانی عێراق بەشێوەیەکی تایبەت جێی مشتومڕە، لەبەرئەوەی پێویستە بنکەکانی ئەمریکا جۆرێک لەسیستمی بەرگریان هەبێت کە لەتوانایدا بێت رێگری لەم هەڕەشانە بکات”.

هێرشەکەی هەولێر لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە جێی دڵەڕاوکێی ئەمریکا

لەبارەی هەڕەشە زۆرەکانی ئەم فڕۆکە درۆنانە، رۆژنامەکە دەگەڕێتەوە بۆ قسەیەکی کینیت ماکێنزی، سەرۆکی فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا، کاتێک لەئاداری ساڵی 2020 وتی، لەوەزارەتی بەرگری بەملیاران دۆلارمان خەرجکردووە بۆ سیستمەکانی بەرگری دژی فڕۆکە درۆنەکان”.

وتیشی، “من لەدڵەڕاوکێدام لەبارەی ئەوەی هێشتا لەژێر ‌هەڕەشەی مەترسیداری ئەم جۆرە فڕۆکەیەداین، لەلایەکی دیکەشەوە خۆشحاڵم چونکە لەتاقیکردنەوەی زۆر سیستمی بەرگریدا چالاکین دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان”.

هاوکات، ئەمریکا موشەکی پاتریۆت و سیستمی بەرگری C-RAMی ناردووەتە عێراق بەمەبەستی رێگریکردن لەموشەکی بالستی و هەڕەشە موشەکییەکان.

بەڵام هێرشەکەی هەولێر لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە جێی دڵەڕاوکێی ئەمریکا و کۆشکی سپی کەوتە حاڵەتێکی ترسئامێزەوە، چونکە ئەو بنکە ئەمریکییەی کرایە ئامانج بارەگایەکی نهێنی بوو و هێرشەکەش ئاڵۆز بوو.

بەپێی رۆژنامە ئیسرائیلییەکە، هێرشەکەی 14ی نیسانی رابردووی هەولێر، یەکەم هێرشی گەورەی میلیشیا عێراقییەکانە کە بەبڕوای ئەمریکا، ئەم میلیشیایانە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

لەمانگی ئایاری ساڵی 2019 ئێران چەندین فڕۆکەی درۆنی بەخشی بە کەتائیبی حزبوڵـڵا لەپێناو هێرشکردنەسەر سعودیە، جارێکی دیکەش لەکانوونی دووەمی ساڵی 2021 هەمان کاری ئەنجامدا، لەمانگی ئایاری ساڵی 2021یشدا هەر فڕۆکەی درۆن بەکارهێنرا بۆ بەئامانجگرتنی بنکەی ئەسەد.

ئێران هەوڵ دەدات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لەبارەی بنکە نهێنییەکانی ئەمریکا

بەپێی ئەو راپۆرتە، لەڕێی فڕۆکەی درۆنی ئێرانییەوە فڕۆکە درۆنە ئەمریکییەکان لەعێراق دەکرێنە ئامانج و ئەمەش شێوەیەکە لەسیستمی نوێی جیهانی فڕۆکە درۆنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رۆژنامە ئیسرائیلییەکە هۆشداری دەداتە ئەمریکا لەسەر ئەوەی پێویستە هەست بە دڵەڕاوکێ بکات لەبارەی ئەوەی ئێران هەوڵ دەدات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لەبارەی بنکە نهێنییەکانی ئەمریکا و سیستمە بەرگرییەکانی لەعێراق.

هاوکات ئەو تەکنەلۆجیایەی ئێران کاری پێدەکات بۆ پەرەپێدانی فڕۆکە درۆنەکان و موشەکە وردەکانی رەنگە لەداهاتوودا بەشێوەیەکی بەرفراوانتر کاری پێبکات.

لەلایەکی دیکەوە باس لەوەدەکات، لە 18ی ئایاری رابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەشێوەیەکی تەمومژاوی چووەتە ئاسمانی ئیسرائیل و لەوبارەیەوە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکی حکومەتی ئیسرائیل وتی، ئەو فڕۆکەیە لەسوریا یاخود عێراقەوە هاتووەتە ئیسرائیل.

لەکۆتایی راپۆرتەکەدا ئەوە نوسراوە، ئەو فڕۆکە درۆنەی لە 8ی ئایار هێرشی پێکرایەسەر بنکەی ئەسەد و ئەو هێرشەشی کە لە 11ی نیسان لەڕێی ئەم جۆرە فڕۆکەیەوە کرایەسەر هەولێر و چەندین هێرشی دیکە رەنگە هەموویان پەیوەست بن بەیەکەوە و لەژێر ناونیشانی ئێراندا بن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا