عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكان پرسی هەڵبژاردن تاوتوێ دەكەن

پۆڵەتیك پرێس

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و جێگری نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعیراق کاراکردنی یاسای هەڵبژاردن یان تاوتوێکرد ، هاوکات ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە حکومەتی عێراق لەتوانایدایە سندوقەکانی دەنگدان و ئاسایشی دەنگدەران و ئەوانەی بەشداری دەنگدان دەكەن بپارێزێت .

بەگوێرەی راگەیەندراوێك حەسەن كەعبی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ئینگبۆرگ سۆڵرۆن گیشلادۆتێر جێگری نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ تاوتوێکردنی ئامادەکاری و كێشەكانی بەردەم هەڵبژارددنی داهاتووی عێراق كوبوونەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە UNی رایگەیاندووە، حکومەت توانای بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و پاراستنی وێستگەکانی دەنگدان و پاراستنی ئاسایشی دەنگدەرانی هەیە، هاوكات داوای لەهێزە سیاسییەکان كردووە هاوکاری حکومەت بکەن بۆ دروستکردنی کەشێکی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیداو دوور لەتوندوتیژی و لێپرسینەوە.

کەعبی، جەختیكردووەتەوە، دەبێت هەڵبژاردنی داهاتوو بەشێوەیەكی باش بەڕێوە بچێت و جێگەی متمانە بێت بەتایبەت کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاودێری دەکرێت.

هەروەها رایگەیاندووە، گەڵی عێراق هەلێکی گەورەیان لەبەردەستدایە بۆ گۆڕینی واقیع بۆ باشتر و پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی ئەویش بە بەشداریكردنی هاوڵاتیان بەشێوەیەكی فراوان لەو هەڵبژاردنانەی کە بڕیارە لە مانگی 10ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

وتیشی:” ئەنجومەنی نوێنەران سیستمی یاسادانانی تەواو کردووە کە گەرەنتی ئەوە دەدات کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت”.

هاوكات، ئینگبۆرگ سۆڵرۆن گیشلادۆتێر، پشتیوانی و ئەرکی UNی بۆ حکومەتی عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دوپاتكردووەتەوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و بەرێوەچوونی پرۆسەیەكی شەفاف و ئازاد لەعێراق.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا