وەزیرانی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق کۆدەبنەوە

پۆڵه‌تیك پرێس

بڕیاره‌ سبەینێ یه‌كشه‌ممه‌ 30 ی ئایار، هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و عێراق بە سەرپەرشتی وەزیرانی هەردوو وەزارەتەکە لەبارەی گەنمی جووتیاران و بەرهەمی کشتوکاڵی و پەلەوەری هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک پرسی دیکە کۆببنه‌وه‌.

حسێن حەمە كەریم وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، گفتوگۆ لەسەربڕی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداو رێگرییەکانی بەردەم هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی و پەلەوەریی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، شانده‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق چه‌ند رۆژێك له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌مێننه‌وه‌و سەردانی ژماره‌یه‌ك پڕۆژەی کشتوکاڵی و پەلەوەریی لە هەرێم ده‌كه‌ن و بڕیاریشه‌ پڕۆژەکانی بەبازاڕکردنی گەنم و سایلۆکانی هه‌رێم به‌سه‌ر بكاته‌وه‌

سەردانی شاندەكەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لەدوای سەردانەکەی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێم دێت کە لە رابردوودا بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان هەردوولا و هەماهەنگی بۆ چارەسەرکردنی کێشە کشتوکاڵییەکان سەردانی بەغدای كرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا