پۆڵەتیک پرێس
عەلی بەدیری، پەرلەمانتار لەسەر لیستی هاوپەیمانی “عێراقیون” رایگەیاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە دانیشتنی ئاسایی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام دۆخی گشتی و ژمارەی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو پێدەچێت رێگەنادات دانیشتنەکە بەڕێوەبچێت.
ئەو پەرلەمانتارە بەمیدیاکانی عێراقی راگەیاند، بەردەوامی رێژەی توشبوون بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێوان ئەندامان و فەرمانبەرانی پەرلەمان لەلایەک و نەبوونی یاسا چارەنوسساز و گرنگەکان لەناو خشتەی کاری دانیشتنەکە لەلایەکی دیکە، هۆکارن بۆئەوەی خواستی پەرلەمانتاران لاوازبێت بۆ بەشداریکردن لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان.
ئەوەش لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی شەممە 29ی ئایار پەرلەمانی عێراق لەبارەی چەند پرۆژەیاسایەكی گرنگ كۆدەبێتەوە و یەکێک لەتەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای پەسەندکردنی رێککەوتننامەی گواستنەوەی ئاسمانی نێوان حکومەتی عێراق و سعودیه.