“جیهان هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێم نابینێت”

پۆڵەتیک پرێس

گوندنیشینانی کورد داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن  دەنگی هەڵببڕێت بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەی تورکیا لە ناوچەکانیان دەستی پێکردووە، هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان بە “جەنگێکی نەبینراو” ناودەبەن.

هیڤاڵ ئاکۆ، کە دانیشتوویەکی گوندی کیستییە، کە گوندێکی پڕ شەڕ و ناکۆکی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”یە، بپ ڕۆژنامەی مۆرنینگ ستار قسەی کردووە دەڵێت، ” خۆم خێزانەکەم ڕووبەڕووی بۆردومانی بەردەوامی سوپای تورکیا دەبینەوە”.

ئەو گوندنیشینە دەشڵێت، “بارودۆخ لێرە زۆر خراپە، ڕووبەڕووی هێرش و تەقینەوەی ڕۆژانە دەبینەوە، خەڵکێکی زۆر ئێرەیان جێهێشتووە، بەڵام من ناتوانم، خێزانەکەم و ئاژەڵەکانم لێرەن، من دەتوانم بۆ کوێ بڕۆم؟”.

هیڤاڵ ئاکۆ دەڵێت دۆخەکە بەرەو خراپتر ڕۆیشتووە دوای  ئۆپەراسیۆنەکەی ئەم دواییەی تورکیا کە ناوی “چنگی بروسکە” ی لێنا و لە رۆژی ٢٣ ی نیسان لە یادی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەسەر دەستی عوسمانییەکان دەستیپێکرد و یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسی تێدا کوژران .

ئاکۆ بە نیگەرانییەکی قووڵەوە دەپرسێت، ” بۆچی ئەو کارە دەکەن؟ بۆچی جیهان دەیانەوێت بمانکوژن؟ تورکیا و سوریا و ئێران بەرامبەر کوردەکان بەم جۆرەن. ئێمەی کورد چیمان لەوان کردووە؟.

ئەو گوندنیشە دەڵێت لەسەر جیهان پێویستە شتێک بکات کە ئەو قەسابخانەیەی تورکیا بەرامبەر کوردەکان بوەستێنێت و پشتیوانی بۆ تورکیا ڕابگرێت کە ئەو بە دەوڵەتێکی فاشیستی وەک هیتلەر وەسفی دەکات.

هیڤاڵ ئاکۆ ئەو شەڕەی تورکیا بە شەڕێک ” کە کەس نایبینێت و کەس لەبارەیەوە نادوێت” ناودەبات و دەپرسێت “بۆچی هەمووان کوردەکان فەرامۆش دەکەن”.

لەلایەکی دیکەوە ستیڤ سوینی، دەڵێت، ” داخڵبوونی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان سەدان کەسی بە ترسێکی زۆرەوە ناچارکردووە ماڵەکانیان جێبهێڵن، ئەوەش دوای ئەوەی تورکیا لانیکەم سێ جار چەکی کیمیایی دژی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەی ئاڤاشین-ی سەر بە پارێزگای دهۆک بەکارهێناوە”.

یەکێتی کۆمەڵگەی کوردستان ، کە ڕێکخراوێکە و پەکەکەش تێیدا ئەندامە، لەبارەی ئەو هێرشەوە ڕایگەیاندووە، ئەمە پلانێکی درێژی تورکیایە بۆ داگیرکردنی تەواوی ناوچەکە لە داهاتوودا، تەنانەت کەرکوک و موسڵیش.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی حکومی کە لە ساڵی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، لە ساڵی ١٩٩٢ وە ٥٠٤ گوند لە سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بەهۆی مەترسی هێرشەکانی تورکیاوە بە تەواوی چۆڵکراون.

هاوکات ڕێبوار بابکای، لێکۆڵەر، دەڵێت: سەختە بە وردی لەبارەی زیانی هێرشەکانی تورکیاوە قسە بکرێت، دەتوانم بڵێم تەنها لە پارێزگای هەولێر لە ساڵی ١٩٩٢ وە سەدان کەس کوژران و هەزاران کەسی دیکەش ئاوارە بوون، سەرەڕای زیانی ئابوری ملیۆنان دۆلار، ئەمەش لە دەرئەنجامی ئەو شەڕەی لەنێوان سوپای تورکیا و پەکەکەدا هەڵگیرساوە”.

بەگوێرەی وتەی ئەو لێکۆڵەرە تورکیا هەمیشە بیانووی بوونی بنکەی پەکەکە لە قەندیل و زاب و ماتینا دەهێنێتەوە بەڵام جیاوازی ناکا لەنێوان گەریلاکان و گوندنیشینانی ئاساییدا .

گوندنشینێکی قەندیل بۆ مۆرنینگ ستار دەڵێت، “تورکیا بەردەوام بۆ ترساندنمان بۆمبمان بەسەردا دەخاتە خوارەوە”.

دەشڵێت، ” ئەو خەڵکانەی دەیانکوژن منداڵ و خێزانەکان و دایک و باوکمانن”.

ئەو گوندنشینە دەشڵێت، ” تورکیا دەزانێت کە چەکدارانی پەکەکە لێرە نین، بەڵام گرنگی بەوە نادەن ، ئەوان دەیانەوێت هەموو کوردێک بکوژن، ئەوەی ئەردۆغان دەیکات هەمان ئەو شتەیە کە سەدام حسێن بەرامبەرمان کردوویەتی”.

هیڤاڵ ئاکۆ لەکۆتایی قسەکانیدا دەڵێت، ” تکایە ڕزگارمان بکەن، تکایە ئەم کۆمەڵکوژییە بوەستێنن”.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک