تەندروستی کەرکوک: لە دوو هەفتەی داهاتوودا دەچینە قۆناغی دڵخۆشکەرەوە

پۆڵەتیک پرێس_

بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی فەرمانگەی گشتی تەندروستی کەرکوک دەڵێت، گەر هاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکان بن لە دووهەفتەی ئایندەدا کەرکوک دەچێتە قۆناغێکی دڵخۆشکەرەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ “پۆڵەتیک پرێس”، دکتۆر سەباح نامیق، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی فەرمانگەی گشتی تەندروستی کەرکوک رایگەیاند لە چەند رۆژی رابردوو تائێستا رێژەی تووشبووان و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەرکوک زیادیکردووە، هۆکارەکەش پابەند نەبوونی هاوڵاتیانە بە ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە، ئەمەش وایکردووە ڤایرۆسەکە زیاتر تەشەنە بسێنێت.

لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە شاری کەرکوک (96) کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و (حەوت) کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیانلەدەستداوە، ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە بەراورد بە هەفتەکانی ڕابردوو، لە هەمانکاتدا (91) کەسیش چاکبوونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دکتۆر سەباح ئاماژەی بەوە کرد لە هەموو دنیادا هاوڵاتیان بە بەستنی دەمامک و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان رێگریی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن، بەڵام لە کەرکوک کەمتر هاوڵاتیان دەبینیت دەمامک بەکاربهێنن و رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێبکەن.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی ته‌ندروستی پارێزگای كه‌ركوك، كۆی گشتی تووشبووانیش گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌شت هه‌زار و 314 کەس.

هەر لە راگەیاندراوەکەدا ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه‌، له‌ناو تووشبووه‌كانی 24 کاتژمێری رابردوودا، دوو پزیشك، دوو كارمه‌ندی ته‌ندروستی و كارمه‌ندێكی بەشی کارگێڕیان تێدایه‌.

ناوبراو بۆ پۆڵەتیک پرێس باسی لە قەرەباڵغی ناوبازاڕ و گەشتی هاوڵاتیان کرد بۆ هەولێر و سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەی عیراق کە ئەمەش هۆکارێکی دیکەی زیاتری تووشبوونی هاوڵاتیانە.

لەلایەکی دیکەوە دکتۆر سەباح رایگەیاند کە بەراورد بە مانگی پێشوو دۆخی خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا لە کەرکوک باشترە، چونکە وەزارەتی تەندروستی عیراق و خەڵکی خێرخوازی شارەکە چەندین ئامێری هەناسەدان و پێدوایستی پزیشکیان بۆ نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا دابینکردووە.

ناوبراو وتیشی “تەنها ٣٠ کەس لە ژێر ئامێری سیپاپ و بایپاپ-دان، بەڵام خۆشبەجتانە هیچ کەس لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددا (ڤێنتولەیتەر) نییە.

لەکۆتایی قسەکانیدا دکتۆر سەباح نامیق، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی فەرمانگەی گشتی تەندروستی کەرکوک، رایگەیاند کە پێشبینی دەکەن لە دوو هەفتەی ئایندەدا دۆخی تەندروستی شارەکە بەرەو باشتر بڕوات.

ته‌ندروستی كه‌ركوك ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه‌، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا حه‌وت كه‌س به‌هۆی كۆرۆناوه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، كۆی گشتی گیانله‌ده‌ستدانیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ 366 كه‌س.

باسی له‌وه‌شكردوه‌، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا 91 كه‌س كه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون چاكبوونه‌ته‌وه‌، كۆی گشتی چاكبووانیش بۆ چوار هه‌زار و 911 كه‌س به‌رزبووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌كاته‌ رێژه‌ی 59%ی كۆی تووشبووان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا