بەشیر حەداد: دواخستنی هەڵبژاردن ئەگەرێكی لاوازە

پۆڵەتیك پرێس

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لایەنە سیاسییەکان و حکومەت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوون لەکاتی خۆیدا و هیچ لایەنێکی سیاسیش داواکاریەکی پێشکەش نەکردووە بۆ دواخستن یان هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دواخستنی هەڵبژارد نیش ئەگەرێكی لاوازە.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەی “سەباح”ی ڕایگەیاند، هیچ داوایەکی فەرمی لە پەرلەمانی عێراق نەکراوە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بەڵام ئەگەر حکومەت یان سەرۆکایەتی پەرلەمان لەڕێگەی پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوە یاخود دە پەرلەمانتار یان لیژنەیەکی تایبەتمەند بەپێی مادەی 60ی دەستوور داوای هەمواری یاساكە بکەن ئەوكاتە پەرلەمان دەست بە ڕێکارەکان دەکات.

وتیشی، پەرلەمانی عێراق پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ئەویش دوای ئەوەی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی تێپەڕاند و پاشان کێشەی دادگای فیدڕاڵی چارەسەرکرد.

بەوتەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، دیاریکردنی کات یاخود دواخستنی هەڵبژاردنەکان کاری پەرلەمان نییە و لە دەسەڵاتی حکومەت و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە.

راشیگەیاندووە، لەئێستادا رایەكی گشتگیری حکومەت و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیە کە ئامادەکاری تەواوبكرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن لە 10ی تشرینی ئەمساڵدا و گریمانەکانی دواخستنی لە ئاسۆدا نییە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لیژنەکانی پەرلەمان چەندین پڕۆژەیاسایان لە بەردەستدایە کە پەرلەمان بەنیازە پێش کۆتایی خولی ئێستا تەواویان بکات و دەنگیان لەسەر بدات وەک پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان، ئازادی ڕادەربڕین، کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی هێمنانە، تاوانی ئەلیکترۆنی، چارەسەرکردنی خراپ بەکارهێنانی خانووبەرە، خزمەتی فیدراڵی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و خانەنشینی بۆ کرێکاران، دادگای تاوانەکانی عێراق.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا