روونكردنەوەیەك لەسەر دوا بڕیارەكانی یەكێتی تۆپی پێ

پۆڵەتیك: وەرزش

1-ئێمە بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ یاساین، ئێمە بەیاسای یەكێتی تۆپی پێی نێودەڵەتی و عیراق و كوردستانیش رازین، ئەگەر ئەو كارەی ئێمە هەڵەیەكی یاسایی تێدایە لێی بەرپرسین.

2-كۆبوونەوەكە زۆر ئاسایی و یاسایی بوو هەموو لایەك ئاگاداربوون بەرێكاریی یاسایی بەرێوەچووەو هیچ كێشەیەكی نەبووە، ئەوەی ئامادەبووە بەویستی خۆی ئامادەبووەو ئەوەی ئامادە نەبووە دوو ئەندامن، یەكێكیان بەهۆی نەخۆشییەوە كە هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ دەخوازین، دووەمیان هاتووەو لەرێگە لەبازگەكان رێگەیان پێ نەداوە بێتە هەولێر.

3-هەندێك بەهەڵە تێگەیشتون و وا دەزانن لەكۆبوونەوەكەدا ئێمە چوین وتومانە خول تەواو و یەكەم و دووەم دیاریكراوە، ئەمەش وا نییەو راست نییە، بەڵكو پاش چەند كاتژمێرێك گفتوگۆكردن و چەندین پێشنیاز و شێوازی چارەسەر هەر لەبەرێوەچونی یارییەكان بەسیستمی چواری و شەشی و تا دەستپێكردنەوەی خولەكە….هتد باسكراون، ئەنجام گەیشتینە ئەوەی كە ئەم بریارە بدەین.

4-خاڵێكی گرنگی تر لەم كارەدا ئەوەیە هەندێك وادەزانێت بەزۆر و بەمەبەست نەورۆز یەكەم و برایەتی دووەم كراوە، كە راستییەكەی ئەوەیە بەگوێرەی ریزبەندیەك كە چەندین مانگ پێش ئێستا دانراوەو بەگوێری ئەنجامی یارییەكان ئەمان لەپلەی یەكەم و دووەم دان.
-ئایا ئەگەر هەولێرو دهۆك لەپلەی یەكەم و دووەم بوونایە ئێمە دەمانتوانی دەستكاریان بكەین؟، بێگومان نەخێر.

5-پاش بریارەكە دەبوو لەپەیجی فەرەمی یەكێتی تۆپی پێ بڵاوبكرایەتەوەو جێبەجێبكرایە، بەڵام بەداخەوە بەفشاری دەرەوەی یەكێتی تۆپی پێ كەوتنە دژایەتی كردنی كۆبوونەوەو بریارەكانی یەكێتی تۆپی پێ كە بەراستی جێگەی سەرسورمان بوو بۆ ئێمە.

6-دەمانەوێت راستییەك بەهاوڵاتیانی كوردستان بەگشتی و وەرزشكاران و وەرزشدۆستان بەتایبەتی بدەین، ماوەی 14 ساڵە ئێمە بەرگەی چەندین هەڵەی زەق و بریاری چەوتی ئەوانمان گرتووەو تەنانەت لەناو خەڵكیدا لۆمە كراوین و سەرزەنشت كراوین، ئەویش بەخاتری سەروەری و پیرۆزی یەكێتی تۆپێی كوردستان، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەو برادەرانە لەماوەی 14 ساڵدا نەیانتوانی بەرگەی یەك بریاری ئێمە بگرن.

7-وەك باسكرا دانیشتن و بریارەكە ئاسای و یاسایی بووە،لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر برادەران گلەییان هەبووە یان پێی رازینین یان فشاریان لەسەرە، نەدەبوو هەموو مێژوو و سەروەریی و داهاتووی ئەم یەكێتییە بخەنە مەترسییەوە، بەڵكۆ دەبوو بەبریارەكە رازی بونایەو پاشان لەدانیشتنی داهاتوو دەكرا بە رێكارە ئاسایی و یاساییەكان ئەو شتانەی جێگەی سەرنج و رەخنەی ئەوانە چارەسەر بكرایە.

8-سەرۆكی یەكێتیی نەدەبوو لەژێر هیچ فشارێكدا رێزو سەروەری خۆیی و یەكێتییەكە لەكەدار بكات، دەبوو راستی بڵێت و پابەندبێت بەراستییەكانەوە، ئەو بەئێمە دەڵێت: جێگری سەرۆكی مافی خۆیەتی كۆبوونەوە بكات، منیش مافی خۆمە داوای كۆبوونەوە بكەم، باشە كە تۆ بەكۆبوونەوەی جێگری سەرۆك رازی نەبیت و رەتی بكەیتەوەو بریارەكانی بەنایاسایی بناسێنیت، ئەی ئێمە چۆن بێینە كۆبوونەوەی تۆ و بریارەكان بەیاسایی بناسین.

9-سەرۆكی یەكێتی لەجیهانێك نییەو یەكێتی تۆپی پێ لەجیهانێكی تر، تا بڵێت من داوەریان دەكەم، دەبوو لایەنی لادەری ملكەچی بریارەكان بكردایە لەپێناو سەروەری و بێلایەنی و پێگەی خۆیی و یەكێتی تۆپی پێی كوردستان.

10-سەرۆكی یەكێتی باسی ئەوە دەكات دەبێت بریارەكان لەیەكێتی تۆپی پێ بدرێت، ئەی خۆ ئێمە لەسەرشەقام بریارمان نەداوە، بەڵكو لەكۆبوونەوەی رەسمی و یاسایی و لەناو بارەگای یەكێتی تۆپی پێ بریارمان داوە، ئەوە كەسانی ترن دەیانەوێت لەدەرەوەی یەكێتی تۆپی پێ بریارو بۆچوونی تر بسەپێنن.

11-ئێمە بەشداریی دانیشتن ناكەین نەك لەبەر ئەوەی توانای رووبەڕووبونەوەو دانیشتمان نییە؟، نەخێر بەڵكو بەخاتری سەروەری و یاساو بریارەكان و پاراستنی كەسایەتی یەكێتی تۆپی پێ و ئەندامانی، ئێمە بەشداریی كۆبوونەوەكە ناكەین، تا دانشتین و بریارەكانی رەسمی پێشوو لای ئەوان پەسەند نەبێت.

12-ئەگەر ئێستا بەشداری كۆبوونەوە بكرێت دەبێتە نەریتێكی زۆر خراپ بۆ یەكێتی تۆپی پێ و تەواوی دەزگا وەرزشییەكان لەهەرێمی كوردستان كە هەر كات كەسێك بریارێكی بەدڵ نەبێت جێبەجێی ناكات، كە ئەمەش بۆ یەكێتییەكەو بۆ وەرزشی كوردستان رێچكەو كارێكی زۆر خراپە.

13-ئێمە پابەندین بە تەواوی یاسا و رێنمایی و بریارەكان و تائێستا ماوەی 14 ساڵە بەخۆشی و ناخۆشی بەرگەمان گرتووە، بەڵام لەم كارەدا هەر بریارێكی نەخوازراو و نایاسایی و ئاسایی هەر كەس و لایەنێك و دەرهاویشتە خراپەكانی ئێمە لێی بەرپرسارنین، ئەو كەس و لایەنانە دەبێت بەرپرسیارێتی خراپبوونی وەرزش و وەرزشكاران لەئەستۆ بگرن.

 

هادی كەریم جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان
عدنان عەبدولڕەحمانئەمینداریی دارایی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان
كرێكار زرارئەندامی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان
تەڵعەت سەعدوڵڵائەندامی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان
لەتیف ئەمینئەندامی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا