وەزیری نەوت ئەولەویەتی كاری وەزارەتەكەی ئاشكرا دەكات

پۆڵەتیك پرێس

وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت “ئەولەویەتی سەرەکی كاركردنی وەزارەتەكەم ڕاگرتنی سوتاندنی غازی پەیوەست بەپرۆسەکانی نەوتە”.

ئیحسان عەبدولجەبار لە میانەی سەرۆکایەتی کردنی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشەکانی کێڵگە نەوتییەکان لە پارێزگای بەسرە، رایگەیاند “گرنگترین ئەولەویەتی وەزارەت و پلانەکانی ئێستا و داهاتوو، ڕاگرتنی سوتاندنی غازی پەیوەست بە  پرسی نەوت و گۆڕینییەتی بە وزەی بەسوود”.

وەزیری نەوتی عێراق داوای لەسەرجەم بەرپرس و کارمەندانی کۆمپانیا نەوتییەکان كرد زۆرترین هەوڵ بدەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەی کە لە قۆناغی کورت و مامناوەنددا ئامانجەکان بەدی دەهێنن، جگە لە کارکردن بۆ زاڵبوون بەسەر هەموو زەحمەتییەکی دارایی و تەندروستیدا.

لەبارەی ئەو زنجیرە كۆبونەوانەش عەبدولجەبار باسی لەوەكردووە، ئەو کۆبوونەوانە بەشێکە لە بەدواداچونی سەرکردایەتی کەرتی نەوت لەسەر زەوی بۆ پلان و بەرنامەکانی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان بۆ بەردەوامی دان و زیادکردنی بەرهەمهێنان، وەبەرهێنانی غاز وئەو پرۆژانەی کە پەیوەندییان بە زیادکردنی توانای عەمبارکردن و هەناردەکردنی نەوت هەیە.

بەوتەی وەزیری نەوت كۆبونەوەكان بە بەشداری بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی نەوتی بەسرە و غازی باشور و بەڕێوەبەری گشتی بەشی دراسە و پلاندانان و بەدواداچوون لە ناوەندی وەزارەت و بەڕێوەبەری نوسینگەی زانیاری و ژمارەیەک لە بەرپرسانی پەیوەندیدار بە کۆمپانیاکانی نەوت ئەنجام دەدرێن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا