گۆڕان: ناكرێت دەستوور وەك كاڵا بە باڵای حزبێكی دیاریكراودا بچنرێت

پۆڵەتیك پرێس

‎رێكخەری ژووری یاسایی گۆڕان دەڵێت: پڕۆژەی دەستور زەمینە سازی و سازانی نێوان لایەنە سیاسیەكانی پێویستە، ناكرێت ئەم دەستورە وەك كاڵا بە باڵای حیزبێكی دیاریكراودا بچنرێت، دەستورێكی دیموكراتی هاوچەرخ بۆ هەرێمی كوردستان یەكجار پێویستە.

چۆمان محەمەد، رێكخەری ژوری یاسایی گۆڕان لە نووسینێكدا دەڵێت: دەستورێكی دیموكراتی هاوچەرخ بۆ هەرێمی كوردستان یەكجار پێویستە، بەڵام ناكرێت بونی دەستور و تەواوكردنی رێكارەكانی نوسینەوەی ببەستێتەوە بەماوەیەكی دیاریكراو، بەوەی كەی ویست هەبوو پرۆژەی دەستور بورژێنن و بڵێن دەستور گرنگە بۆ هەرێم، ئەمە جۆرێك لەسەپاندنی مەرج و خواستی تاك لایەنە دەردەخات بۆ ئەم دەستورە.

لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەدا نوسیویەتی: دەستور دەبێت سیستەمی سیاسییەكەی پەرلەمانی بێت، بەشێوەیەك پەرلەمانی كوردستان مرجەعی باڵای پرسە چارەنوسازەكان بێت و سەرۆكی حكومەت و هەرێم لەلایەن پەلەمانەوە هەڵبژێردرێت.

دەقی نووسینەكە:

چ دەستورێكمان دەوێت؟

‎دیسانەوە پرسی دەستور بۆتە بابەتێكی گەرمی دامەزراوە فەرمییەكانی وەك پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان. لەرابردودا زۆر هەوڵدراوە هە رێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستوری خۆی، بەڵام بەرژەوەندی حیزبی و تێڕوانینی حیزبی بۆ ئەم پرسە وایكردوە دەستور لەدایك نەبێت.

‎ ئێمە وایدەبینین پڕۆژەی دەستور زەمینەسازی و سازانی نێوان لایەنە سیاسیەكانی پێویستە، ناكرێت ئەم دەستورە وەك كاڵا بەباڵای حیزبێكی دیاریكراودا بچنرێت، دەستورێكی دیموكراتی هاوچەرخ بۆ هەرێمی كوردستان یەكجار پێویستە، بەڵام ناكرێت بونی دەستور و تەواوكردنی رێكارەكانی نوسینەوەی ببەستێتەوە بەماوەیەكی دیاریكراو، بەوەی كەی ویست هەبوو پرۆژەی دەستور بورژێنن و بڵێن دەستور گرنگە بۆ هەرێم، ئەمە جۆرێك لەسەپاندنی مەرج و خواستی تاك لایەنە دەردەخات بۆ ئەم دەستورە. چونكە مەرجی نوسینەوەی دەستور پڕۆسەیەكە بەهێمنی و دور لەچەواشەكاری و ململانێی سیاسی بەڕێوە دەچێت، كاری داڕشتنەوەو نوسینەوەی دەوێت لەگەڵ شەفافی و بەشداری سەرجەم چین و توێژەكان، سەرباری بونی سازانی نێوان هێزە سیاسیەكانی هەرێم، ئەو دەستورەی كە دەنوسرێتەوە بۆ هەرێم دەمانەوێت :-

‎1- دەستورێك بێت سیستەمی سیاسییەكەی پەرلەمانی بێت، بەشێوەیەك پەرلەمانی كوردستان مرجەعی باڵای پرسە چارەنوسازەكان بێت و سەرۆكی حكومەت و هەرێم لەلایەن پەلەمانەوە هەڵبژێردرێت، نمونەی ئەو وڵاتانەمان لەبەردەستە سیستەمە سیاسیەكەیان پەرلەمانیە تاڕادەیەكی زۆر دەستەبەری و گرەنتی زیاتری تێدایە بۆ چەسپاندنی گەشەی بنەماكانی دیموكراسی و ملكەچ بونی هەموان بۆ چاودێری و بنەما یاساییەكان، بەپێچەوانەوە سیستەمی سەرۆكایەتی هەمیشە ئامانج لێی دروستكردنی دەسەڵاتێكی جێبەجێكردنی بەهێزو سەقامگیربوە لەگەڵ بونی سەرۆكێكی بەهێزو شەخسەنە كردنی دەسەڵاتی حكومی و وڵات بەرەو تاكڕەوی دەڕوات ئەوكات دامەزراوەكان گرنگ نابن، زیاتر هەموو هێماكان و گرنگی لەسەر سەرۆكی دەوڵەت دەبێت، بیركردنەوە لەدانانی سیستەمی سەرۆكایەتی بۆ هە رێم سەرباری ئەوەی پێچەوانەی دەستوری عێراقە و رێگەنەدراوە دەستورمان دژی دەستوری عێراق بێت، لەگەڵیدا زۆربەی ئەو وڵاتانەی بەرەو دیكتاتۆری رۆشتون سیستەمەكەیان سەرۆكایەتی بووە لەوانە (خودی عێراق، سوریا و میصر و یەمەن)، چارەنوسی ئەم وڵاتانە و گەلەكەیان لەژێر چەتری سیستەمی سەرۆكایەتی جەنگ وخوێن ومەرگ بوو، هەمیشە لەم سیستەمەدا سنور بۆ دەسەڵاتەكانی سەرۆك نیە گوایە لەلایەن خەڵكەوە متمانەی وەرگرتوە، ئەوكیشانەی لە ئەمەریكا رویدان بەتایبەت لەودەسەلاتە زۆرەی (ترەمپ)وەك سەرۆكی ئەمەریكا بەكاریدەهێنا لەماوەی سەرۆكایەتیدا كەسیستەمیان سەرۆكایەتییە تاك لایەنە پێگەو رۆڵی دامەزراوەكانی تری ئەمەریكا زۆر فەرمۆشكرابون، ئامادەنەبون وملنەدانی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن،خەریكبوو دیموكراسی وسەروەر یاساوئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریكی دەخستە مەترسیەوە گەر گەلەكەیان هۆشیار نەبوایە.

‎2- دەستورێكمان دەوێت كەدەسەڵاتی راستەقینە بدرێتەوە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكرن و دادوەری، بەواتایەكی تر سیستەمی حوكمڕانی رێكبخرێتەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی نێوان دەسەڵاتەكان بەجۆرێك لەدەسەڵاتی كارتۆنی بیانهێنێتە دەرەوە، كە زۆرجار دەسەڵاتی راستەقینە لای حیزب بوە نەك ئەم دەسەڵاتانە.

‎3- دەستورێكمان دەوێت كە دەستەبەری كۆی ماف و ئازادیە سیاسی و شارستانیەكان بۆ هەموو هاوڵاتیان بكات، ناكرێت زیادەڕۆیی و پێشێلكاری دەرهەق بەماف و ئازادیەكان بكرێت، كە لەئێستادا لەم بوارەدا لەپاشەكشێداین.

‎4- دەستورێكمان دەوێت مافی پێكهاتەكان پارێزراوبێت، چونكە ئەم پێكهاتانە بەشێكی دانەبڕاون لەكۆمەڵگای كوردی.

‎5- چەسپاندنی بنەماكانی لامەركەزی و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و شەفافكردنی سەرچاوەكانی داهات بەنەوت و سامانە سروشتییەكان پرسەگەلێكن زۆر گرنگن بۆ ئێمە.

‎6- دەستورێكمان دەوێت ناوچە جێناكۆكەكان و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم وەك سنوری هەرێمی كوردستان كە بەشێكی گرنگن لەهەرێمی كوردستان، وا دابرێژرێتەوە لەچوارچێوەی سنوری هەرێمی كوردستان بەرەچاوكردنی ماددەو بڕگەكانی دەستوری هەمیشەیی عێراق، كەواقیعی ئێستا ئەم ناوچانە یەكجار خراپە، بارودۆخێكی كاتی سەپێنراوە بەسەر ئەو ناوچانە.

‎7- دەستورێكمان دەوێت دەستوری خەڵك بێت و رێزلێگیراو بێت، هێزی پابەندكاری هەبێت، ئەوناهاوسەنگی وپسشلكاریانەی هەیە رێكی بخاتەوە، نەك ببێتە ئامرازێك بۆ پێدانی رەوایەتی وشەرعیەتی دەستوری بۆ ئەو بارە لارو ناهاوسەنگیەی بەرۆكی سیاسەت وحكومرانی ودەسەلات وماف وئازادیەكانی گرتوە.

‎چۆمان محەمەد

‎رێكخەری ژوری یاسایی

۲۷/٥/۲٠۲۱

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا