پۆڵەتیك پرێس
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی دەڵێت، نابێت بەناوی یاساوە سنوورەكانی كاری رۆژنامەوانی بەرتەسك بكرێتەوە، جەختیش دەكاتەوە هەموو هەوڵێك دەدەن لە پێناو ئازادكردنی سزادراوانی بادینان.
رۆژی پێنج شەممە، 27ی ئایار بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیكرد لە مارتن هووس، باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و ڤێنسنت گیووم پۆپۆ، بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان.
بافڵ تاڵەبانی بەڕوونی گۆشەنیگای یەكێتی لەبارەی ئازادی و ئازادی رادەربڕین خستەڕوو و ئاماژەی بەوەكرد یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای ئازادی و ئازادی رادەربڕین دامەزراوە و یەكێك لە كۆڵەكەكانی بونیادی یەكێتی، رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن و رەخساندنی زەمینەی لەبار بووە بۆ نووسەر و رۆژنامەنووسان، نابێت بەناوی یاساوە سنوورەكانی كاری رۆژنامەوانی بەرتەسك بكرێتەوە و دژی هەموو رێگری و سنوورداركردنێكی كارەكانی ئەو توێژە گرنگەی كۆمەڵگاین.
هاوسەرۆكی یەكێتی راشیگەیاند، یەكێتی لەگەڵ بوونی میدیایەكی ئازاد و بوێردایە، چونكە پێمانوایە ئەزموونی دیموكراتی هەرێم و ئەم كۆمەڵگایەی شانازی پێوەدەكەین بەستراوەتەوە بە دەنگی ئازاد و میدیای ئازاد و ئازا، كە بۆ ئەوەش هەموو هەوڵێكمان روو لە ڕەوینەوەی ئەو بۆچوونانەیە كە لەسەر ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی باس لە بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان دەكەن.
بافڵ تاڵەبانی وتیشی، لەگەڵ سزادانی سیاسی نەبووین و نابین، ناشمانەوێت چیتر گەنجەكانی بادینان ببنە قوربانی مەرامی سیاسی و لە هەوڵەكانمان بەردەوامین لەپێناو ئازادكردنیان، داواش لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین لەبەرامبەر ئەم كەیسە سیاسییە دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت و دەبێت بەهەموومان رێگری لەم پێشهاتە مەترسیدارە بكەین كە لەئەگەری بەردەوامبوونیدا ناوبانگی هەرێمەكەمان لەكەداردەكات.