وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لە كێشەكانی بەنداوی دەربەندیخان دەكۆڵێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

رۆژی پێنج شەممە، 27ی ئایار مەهدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق سەردانی بەنداوی دەربەندیخانی كرد و بەڵێنیدا بودجەی پێویست تەرخان بكات بۆ چاكسازییەكانی بەنداوەكە.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئامانج لە سەردانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق بۆ بەنداوی دەربەندیخان بەدواداچوون بوو لە كێشەكانی بەنداوەكە و كێشەی وشكە ساڵی و موچە كارمەندانی بەنداوەكان، لای خۆیەوە وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق بەڵێنیدا بەشداری بكات لەو چاكسازییانەی بەنداوەكە پێویستییەتی.

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان وتی: بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق سەردانی ئێران بكات بە مەبەستی تاوتوێكردنی كێشەی ئاو لە نێوان هەردوو وڵات، بۆیە تەوەرێكی دیكەی سەردانەكەی وەزیر پەیوەست بوو بە زانینی كێشەی كەم ئاوی لە بەنداوەكە كە سەرچاوەی سەرەكی ئاوی رووباری سیروان لە دیوی ئێرانە.

باسی لەوەشكرد، لەبارەی موچەی كارمەندانی بەنداوەكانەوە وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق دووپاتیكردەوە هەموو هەوڵێك دەدەن موچەی كارمەندانی بەنداوەكان بە سیاسی نەكرێت بۆئەوەی هاوشێوەی بەنداوەكانی دیكەی عێراق، بەنداوەكانی هەرێمیش بودجەیان بۆتەرخان بكرێت و موچەی كارمەندانی بەنداوەكانیش رەوانە بكرێت.

لە ئێستادا لە دیوی ئێرانەوە هیچ بڕە ئاوێك ناڕژێتە رووباری سیروان و تەنها لە سەرچاوەكانی ئاوی ناوخۆی هەرێمەوە ئاو دەچێتە بەنداوی دەربەندیخان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا