پۆڵەتیک پرێس_
بە فەرمانی بریكاری وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم، (10) پۆست لەناو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی گۆڕانكارییان تێدا دەکرێت و بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانیش دەڵێت، گۆرانکارییەکان ڕێکارێکی ئیدارین.
بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، پاش سەردانی لیوا چەتۆ ساڵح لە رۆژی 12ی تەموزی رابردوو بوو بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، بەپێی زانیارییانەی پۆڵەتیک پرێس، لەسەر فەرمانی بریكاری وەزیری ناوخۆ بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەرێم ژمارەیەك بەرپرسی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە پۆستەكانیان دورخستوەتەوە و كەسانی تری لە شوێنەكانیان داناوە”.
هاوكات لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگە و پاوانی سلێمانیش ژمارەیەك گۆڕانكاری كراوەو دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لەبارەی گۆرانکارییەکان، عەمید فەرەیدون عومەر، بەرێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی بە پۆڵەتیک پرێس-ی وت، “گۆڕانكارییەكان پەیوەندی بە ڕودانی گەندەڵی یاخود خواستێکی هەرەمەکی نیە، ژمارەیەك بەرپرس هەن ماوەی زیاتر لە (13) ساڵە لە پۆستەكانیاندا ماونەتەوەو دەبوو ئاڵوگۆڕیان تێدا بكرێت”.
بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی وتیشی، “هەندێك گۆڕانكاریمان كردووە و لە داهاتووشدا بەرپرسی هەموو بەشەكان دەگۆڕدرێن”.
ئەو بەرپرسانەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی دورخراونەتەوەو ئەوانەی تازە دانراون بریتین لەم كەسانە:
• عەقیدی هاتوچۆ (سەعدوڵا عەزیز عەوڵا) لە بەڕێوەبەرێتی بەشی میرەو ئامێرسازی گواستراوەتەوە بۆ بەرێوەبەرێتی بەشی هاتوچۆی ناوشار/ رۆژئاوا بە پلەی بەڕێوەبەر (بە وەكالەت)
• موقەدەمی هاتوچۆ (فەخرەدین ئەمین ساڵح) لە بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی ناوشارەوە گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی بەشی هاتوچۆی قەزای ناوەند بەپلەی بەڕێوەبەر (بە وەكالەت)
• موقەدەمی هاتوچۆ (بەهمەن ئەحمەد محەمەد) لە بەڕێوبەرێتی هاتوچۆی قەزای ناوەندەوە گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی ناوشار/رۆژهەڵات بە پلەی بەڕێوەبەر ( بەوەكالەت)
• موقەدەمی هاتوچۆ (یوسف عەلی قادر) لە بەڕێوەبەرێتی بەشی تۆماری بەڕێوەبەرێتییەكەوە/ تۆماری تایبەت، گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی بەشی كارگێریو خۆیەتی بە پایەی بەڕێوەبەر (بە وەكالەت)
• موقەدەمی هاتوچۆ (بەختیار مەحمود بەهرام) لە بەڕێوەبەرێتی بەشی میرەو ئامێرسازییەوە گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی بەشی هاتوچۆی ناوشار/ رۆژئاوا.
• رائید (فەریق عەلی غەریب) لە بەڕێوەبەرێتی بەشی كارگێریو خۆیەتییەوە گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی بەشی میرەو ئامێرسازی بە پلەی بەرێوەبەری (بە وەكالەت)
• رائیدی هاتوچۆ (ئاكام عەلی عومەر) بە پلەی بەڕێوەبەر كراوە بە بەڕێوەبەری بەشی (I.T) بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆ.
• بەخشین و لادانی (ئەندازیار فەرمان ئەحمەد قادر) لە پایەی بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆو گواستنەوەی بۆ سەر راژەی بەڕێوەبەرێتی بەشی كارگێڕیو خۆیەتی/ هۆبەی خۆیەتی.
• دانانی (یاریدەری سەرۆك ئەندازیار كانی حسێن حەمە خدر) ئەندازیار لە بەرێوەبەرێتی بەشی ئەندازەی هاتوچۆ بە پلەی بەڕێوەبەر لە جێگەی ناوبراوی بڕگەی پێشتر كە لادراوە.
• گواستنەوەی (عومەر نامیق) لە بەڕێوەبەری بەشی هونەری هاتوچۆی پارێزگای سلێمانەوە وەك موعەوم بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ لە هەولێر.