حەشدی شەعبی لە ترساندنی خۆپیشاندەرانەوە بۆ ترساندنی کازمی

پۆڵەتیک پرێس

دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی مەیدانی  حەشدی شەعبی لە عێراق ، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقی خستووەتە ناو ململانێیەکی توند لەگەڵ میلیشیاکانی حەشد کە بە یاخی و دەرچوو لە فەرمانەکانی کازمی دادەنرێن.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ ی ئایاری ٢٠٢١، هێزێکی تایبەتی ئەمنی قاسم موسڵح ، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباری حەشدی شەعبی-یان دەستبەسەر کرد، وەک سەرچاوەکان دواتر ئاماژەیان پێکرد  بە تۆمەتی گەندەڵی و تێوەگلانی لە کوشتنی خۆپیشاندەران و دواترینیشیان ئیهاب وەزەنی چالاکوان کە لە شاری ئەنبار کوژرا.

دوای ڕاگەیاندنی دەستەبەسەرکردن موسڵح، بەشێک لە چەکدارانی حەشد ڕوویان لە ناوچەی سەوزی بەغدا کرد و  بۆ ماوەیەک گەمارۆیان دا و داوای ئازادکردنی قاسم موسڵحیان کرد.

هاوکات میلیشیاکان ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و ئەحمەد ئەبو ڕغیف، بریکاری وەزیری ناوخۆی عێراقیان گەمارۆدا .

لەبارەی دەستگیرکردنی قاسم موسڵحەوە، سەرچاوەیەک بە فرانس ٢٤ ی ڕاگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە لەسەر پرۆسەکانی تیرۆرکردن، ئەوەمان بۆ ئاشکرا بوو کە موسڵح لە پشت پرۆسەکانی تیرۆرکردنی چالاکوانانی عێراقییەوەیە”.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هێزەی قاسم موسڵحی دەستبەسەر کرد لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بوون کە سەر بە دەزگای هەواڵگرین و ئەرکیان دەستبەسەرکردنی بەرپرسانی گەورەیە کە لە گەندەڵی تێوەگلاون.

ئەو سەرچاوەیە بۆ فرانس ٢٤ باسی لە بوونی نیگەرانی و ترسیش کردووە لە کاردانەوەی گروپە چەکدارەکان کە هەوڵیانداوە موسڵح ئازاد بکرێت.

کوشتنی ئیهاب وەزەنی چالاکوان ، کە لە ڕۆژی ٩ ی ئایار لە ئەنبار کوژرا ، توڕەییەکی زۆری جەماوەری لە شەقامی عێراقییدا دروست کرد و خۆپیشاندانی دیکەی هەڵگیرساند و داوای دەستگیرکردنی بکوژانیشیان ڕاگەیاند.

سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنی بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، قاسم موسڵح لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی گەندەڵی لەناو لیوایەکی حەشدی شەعبیدا تێوەگلاوەو پارەی بەشێک لە چەکدارانی حەشدی بردووە و موچەی بۆ چەکداری واهمی ناو حەشد دابین کردووە.

دوای دەستگیرکردنی فەرماندەکەیان، دەستەی بەڕێوەبردنی حەشدی شەعبی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، پێویستە موسڵح ئازاد بکرێت، دەستەی حەشد وەڵامی ئەو لایەنانە دەبێتەوە کە ئەو کارەیان ئەنجامداوە.

هاوکات چەندین ماڵپەڕی سەر بە میلیشیا شیعەکان و کەسایەتیە شیعییەکان لەبارەی دەستگیرکردنی قاسم موسڵح هێرشیان کردە سەر مستەفا کازمی.

فەرماندەی کەتائیبی شوهەدای سەر بە حەشدی شەعبیش لەبارەی دەستگیرکردنی موسڵحەوە ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی قاسم موسڵح بۆ لێدان و بێزارکردنی حەشدی شەعبی  و گروپە چەکدارەکانی دیکەیە”.

لەلایەکی دیکەشەوە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی شیعەکانی عێراق لەبارەی دەستگیرکردنی موسڵح ڕایگەیاند، ئەو بڕیاری دەستگیرکردنە کە بە فەرمانی مستەفا کازمی بووە توڕەییەکی زۆر لەناو پارێزگای کەربەلادا دروست دەکات.

هاوکات قەیس خەزعەلی، سەرۆکی میلشیای عەسائیبی ئەهلی هەق، لەبارەی دەستگیرکردنی قاسم موسڵح ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی باڵای حەشد لە دەرەوەی چوارچیوەی یاسا و سەربازیدایە، ئەمە هەوڵێکی خراپە بۆ تێکدانی دۆخی ئەمنی و دروستکردنی پشێوی و دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکان “.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا