سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان بەدوواداچوون بۆ كێشەكانی پێشمەرگە دەكەن

پۆڵەتیك پرێس

جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند لیژنەیەکی هاوبەش لە سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێندراوە، بۆ بەدواداچوونی کێشەکانی پەیوەست بە کاروباری هێزەکانی پێشمەرگە.

عوسمان سێدەری جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بەمەبەستی بەدواداچوونی کێشەکانی تایبەت بە هێزەکانی پێشمەرگە لەوانە مافەکانیان و پلەبەرزکردنەوە و خانەنشینی و یەکگرتنەوەی یەکەی 70 و 80 و یەك پۆشی لەجلوبەرگەكانیانداو چەندین بابەتی پەیوەست بەهێزەكانی پێشمەرگە لەهەرێمی كوردستان لیژنەیەکی هاوبەش لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمان و وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێندراوە.

وتیشی، چاوەڕێی سەرۆكایەتی هەرێم دەكەن تا ئاگادارییان بكەنەوە بۆ دانیشتنێكی تایبەت بەدیاری كردنی ئەندامانی لیژنەكە و دوای ئەوەش لەنزیكترین كاتدا لیژنەکە یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجام دەدات.

باسی لەوەشكرد، دوای ئەوەی نەخشەرێگەی کارکردن لەلایەن لیژنەكەوە تاووتوێ دەکرێت دواتر سەردانی سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دەكەن تا لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی پێشمەرگە ببن و بزانن کێشەکانی پێشمەرگە چین.

بەوتەی جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدانی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە یەکێکی دیکە دەبێت لە و تەوەرانەی کە لیژنەکەیان بەدواداچوونی بۆ دەکات، بەتایبەت یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەتا کوردستان ببێتە خاوەنی هێزێکی یەکگرتوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا