نابێت و ناهێڵین چەمچەماڵ بخنکێت

مەڵۆیەک لەخەرمان و خەبات و تێکۆشانی چەمچەماڵییەکان
“نابێت و ناهێڵین چەمچەماڵ بخنکێت!”

لە چەمچەماڵ، گەرمیانی کوانووی جۆش و خرۆشی خەباتەوە… نەسیمی شنەی شەماڵێکی فێنک و ئارامیی دڵان…. بۆ هەڤاڵ سەمەد زەنگەنە

*ڕزگار محمد کەریم

وێڕای سڵاو… پێشکەوتن و سەرفرازیی هەمیشەییت بۆ ئەخوازم، وتارەکەتم بۆ چەمچەماڵ بەپەرۆشەوە شەن کەوکرد، پەرۆشیت بۆ خزمەتگوزاریی زیاترو گەیاندنی دەستی هاوکاریی بۆ هەژاران و کەمدەرامەتانی چەمچەماڵ و دەوروبەری بەتەواوی رەنگی داوەتەوە لەگۆشەنیگای خەمخۆریی و دڵسۆزییەکانتەوە، لەخستنەڕووی خەم و ئازارەکانتەوە، دەروونی پڕ لەحەزو خۆزگەی خەڵکی بەشمەینەتی چەمچەماڵم بەدیکرد..

چەمچەماڵ هەرچەندە لەئازاردا بێت، بەدرێژایی مێژوو نەوەکانی لەهەوڵی راژەندنی بێشکەی دڵ و ساڕێژکردنی زامەکانیدا بوون… پەیمانێکەو بەخەڵکی تێکۆشەری چەمچەماڵ ناوچەکانی دەوروبەریمان داوە کە نابێت و ناهێڵین چەمچەماڵ بخنکێت…

خەمخۆرانی چەمچەماڵ، تێکۆشەرو دڵسۆزەکانی، ئەوانەی خەمی خەڵکی چەمچەماڵ و کوردستانیشیان لەکۆڵناوە، مناڵە چاوگەش و بەئومێدەکانی، گەنجە دڵ پڕ لەهیواکانی، ژن و پیاوە گەشبینەکانی.. تێکڕای چین و توێژەکانی هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەمرن بۆ ئەوی بژین، چونکە ژیانی چەمچەماڵ وەکو جەنەتول مەئوایە لەلایان، ئەوەی بەڕێزت لە وتارەکەی جەند رۆژ لەمەوبەرتدا ئاماژەت بۆ کردووە، هەمووی راستەو هەقیقەتی تاڵ و سڕ بوونی ویژدانی تێدایە، بەڵام خۆت وتەنی هەر لەوکاتەوەی چەمچەماڵ لانکەی یەکەم شارستانییەت بووە لەناوچەکەدا، هەرچی خزمەتگوزارییەک بۆ چەمچەماڵ و چەمچەماڵییەکان و ناوچەکانی دەوروبەری کرابێت و کراوەو ئەشکرێت، لەئاست ئەو ویست و خواست و بریاو خۆزگە بێ سنوورانەدا نەبوون کە ئاواتمان بۆ خواستووە و گیانی رۆڵەکانمان کردووە بەقوربانی بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هەموویان…

چەمچەماڵی خۆڕاگرو خەڵکە نەبەردەکەی، کوانووی شۆڕش و داینەمۆی جۆشدانەوەی خەبات و تێکۆشان و داکۆکی ڵەمافەکانی خەڵکی کوردستان بوون، هەروەکو ئەوەی بەشانازییەوە لەپێشەنگی داکۆکیکارانی سنووری کوردستانی ئازیزماندا بوون… هەموو ئەو شەهیدە قارەمانانەی ئاماژەت بۆ کردوون، هەتا ئێستا بۆن و بەرامەو گوڵاوی روحی جوانیان، تین و تاوی گەرمیی چەمچەماڵی کوانووی گەرمیانیان کردووە بەشنەی فێنکی شەماڵ و ئاودێری رووحی تینووی خەڵکی تێکۆشەرەکەی دەکات، روحی تێکڕای ئەو قارامانەنەی کە ناوت بردوون، ئەرکی سەرشان و بەرپرسیارێتیمان سەنگین تەر ئەکات، هەرچەندە وەکو پێویست لایەک بەلای کەسوکاری سەربەرزیاندا، نەکرابێتەوە، هۆکارەکەشی زیاتر ئەوە بووە کە قەبارەو تراژیدیی کارەساتەکانی ئەنفال و کۆمەڵکوژییەکان لەلایەن رژێمی بەعسی لەناوچووەوە هێندە گەورەو قوڵ و کاریگەرە کە وەکو ئەڵێن بەبارتەقای نێوان زەوی ئاسمانە، بەڵام ئێمەی گەنجانی چەمچەماڵ ناسرەوین تا هەموو ئاوات و ئامانجە بەرزەکانیان بەیدێنین، هیچ هێزو باهۆزێک ناتوانێت بەر بە تێکۆشەرانی ئەو کاروانە بگرێت کە بۆ خزمەتی تێکۆشەرو دڵسۆزو خەمخۆرەکانی چەمچەماڵ کەوتۆتەڕێ…

ئێمەی پەروەردەو پێگەیشتووی کوچەو کۆڵانەکانی چەمچەماڵ… خەموو ئازارو حەسرەتی لەدەستچوونی ئەو دەیان قارەمانانەی ناوت بردوون، سەدان هەزار شەهیدی دیکەی سەنگەرەکانی بەرگریی و پاراستنی چەمچەماڵ، خوێنی گەشی هەموویان مەشخەڵ و بڵێسەیەکەو تاریکیی و شەوەزەنگی بێ باکییەکان رائەماڵێ، بەڵێنێکەوە دووپاتیشی ئەکەینەوە، کە بۆ توێشی کارو خەبات و چالاکییەکانمان لەداهاتوودا لەتێکۆشەران و دڵسۆزە کانییەوە، لەپێشمەرگە ون ناوەکانییەوە کە وەک سەربازی ون بۆ خزمەتی چەمچەماڵ و چەمچەماڵییەکان شەو و رۆژیان خستۆتە سەر یەک، ئیلهام وەرگرین و لەئاوی حەیات روون و سازگارتربین، هەردەم بەدڵنەوای کەسوکاری قوربانیانی چەمچەماڵ و گەرمیانییەکان، خزمەتێکی ئەگەر بچووک و ئاساییش بێت، ئەو دەیبەخشین بە تێکڕای کەسوکاریی قوربانیانی کوردستان، خەم و ئازارەکانیان ئاوێتەی کاروچالاکییەکانمان دەکەین…

خوێندنەوەو تێڕوانینی قوڵمان بۆ مێژووی گەشی کەسایەتییە دیارو شاعیرو مامۆستاو ناودارەکانی چەمچەماڵ، فاکتەرێکی سەرەکین وهانمان ئەدەن خزمەتگوزاریی و پێداویستییە ژیارییەکان بۆ هەموو کۆڵان و شوێنەکان بگەیەنین و پەیوەست بین بەو پەروەردە خێزانیی و کەسییەمانەوە کە هەردەم خۆمان بەخزمەتکاری دانیشتوانی حەسرەت دیدەی چەمچەماڵ و دەورووبەرر بزانین… دەستەبەرکردنی چارەنووسێکی روون و گەش بۆ خەڵکەکەی لەئەولەویەتی کارەکانی داهاتوومان ئەبێت.

هەڤاڵ سەمەدو تێکڕای هەڤاڵان….

وێستگەیەکی نوێگەریی خەبات، بەرجەستەکردنی خزمەتگوزارییەکانە بۆدانیشتوانی ئەو ناوچە بێنازەی گەرمیان، خەباتی دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆ چەمچەماڵ و چەمچەماڵییەکان و بەدەستهێنانی ئایندەیەکی گەشە، بۆ ئەوەی دەنگی کەسوکاری قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و دەنگ بێدەنگەکان و دەنگی چەوساوەکان، دەنگی بێ نازەکان و دەنگی گەنجەکانمان بگەیەنین بەلایەنی بەرپرس، داوات لێدەکەم، بەهەماهەنگی لەگەڵ کەسایەتی و بەرپرسان و تێکڕای چین و توێژەکان، هەمووان پێکەوە بچینە ژێرباری ئەو ئەرکە دژوارەوە، میکانیزمێکی گونجاو و شایستە بۆ خزمەتکردنی شارەکەمان بدۆزینەوە، جارێکی تر هەروەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەشەوە زەنگی نەهامەتی و رەشبینییەکاندا لەجەمچەماڵی کوانووی خەبات و تێکۆشان و قوربانییەوە، تروسکەی هیواو ئومێدبین بۆ هەمووان…

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا