پۆڵەتیک پرێس
میدیا عیراقییەکان هەواڵی دۆزینەوەی منداڵێکی ئێزدیان بڵاوکردووەتەوە، بووەتە جێی مشتومڕی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و بەسەرسوڕمانەوە باسیان لێوەکردووە.
خێزانێکی ئێزدی منداڵە تەمەن شەش ساڵانەکەیان دۆزییەوە دوای ئەوەی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش لە تەمەنی 11 مانگیدا ڕفاندیان و لە باوەشی دایکیان دەرهێنا، ئەو رووداوەش لە ساڵی 2014 روویدوە دوای ئەوەی پارێزگای موسڵ کەوتە دەست گرووپە چەکدارەکانی داعش.
ئەو منداڵە ناوی سەعدیە خەلەف-ەو داعش لە ساڵی 2014 لە ناوچەی حەردان لە نزیک موسڵ لە باوەشی خێزانەکەی دەریدەهێنن و دەیبەن بۆ ئەو شوێنەی مەبەستیانە، کە ئەوکات تەمەنی تەنها 11 مانگ بووەو شیرە خۆرە بووە، بەڵام کەسوکارەی دوای شەش ساڵ و لە چەند رۆژی رابردوودا دۆزییانەوە.
کەسوکاری سەعدیە بەردەوام لە سۆراخی منداڵە کچەکەیاندا بوون و هیوایەکیان هەبووە بۆ دۆزینەوە، هەربۆیە دواجار لە یەکێک لە خانەکانی سەرپەرشتیکردنی منداڵانی بێ دایک و باوک بە کچەکەیان شاد دەبنەوەو لە ئامێزی دەگرنەوە.
ماڵپەری بەغداد ئەلیەوم ئاشکرایکردووە کە ئەو کچە تەمەن شەش ساڵە لەڕێگەی پشکنینی DNA-یەوە ئاشكراکرا کراوە کە منداڵی ئەو خێزانە بووە کە سۆراخیان کردووە، ئەمڕۆ یەکشەممە بەیەکجاری بۆ ماڵی خۆی گەڕاندوویانەتەوەو بە دیداری کەسوکارەکەی شاد بووەتەوە.