حکومەتی ھەرێم دەستکاریی دەرماڵەی فەرمانبەران دەکات

پۆڵەتیك پرێس

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆبێتەوە، یەكێك لە پرسەكانیش تایبەتە بە دەستکاریی دەرماڵەی فەرمانبەران.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیەندراوێكدا كارنامەی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاشكراكردووە كەبەم شێوەیە:

دەقی راگەیەندراوەكە..

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢١/٥/٢٦ی زایینی، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:

یەکەم: خستنەڕووی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی (پێنجەم) لە یاسای چاکسازیی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠ تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان.

دووەم: خستنەڕووی بابەتی داهاتی ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا و ڕۆڵی وەزارەتە تایبەتمەندەکان لە برەودان و هەمەچەشنکردن و زیادکردنی داهاتی ناوخۆیی هەرێم و سەرچاوەکانی، و ڕادەی پابەندی وەزارەتەکان لەم بارەیەوە.

سێیەم: خستنەڕووی بابەتی پێداچوونەوەی ڕەسمی خزمەتگوزارییەکان لەلایەن بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە بەڕێزیان سەرپەرشتیاری لیژنەی تایبەت بەم بابەتەن.

چوارەم: خستنەڕووی دوو پڕۆژە یاسا کە لەلایەن بەڕێز وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ دەنگدانی کۆتایی و پێشتر ئەم پرۆژە یاسایانە خراونەتە بەردەم بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران:

– ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابوری لە هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە (٥)ی ساڵی (٢٠١٠).
– ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆ و شەتل و تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان – عێراق)

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٠٢١/٥/٢٦

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا