پۆڵەتیک پرێس
لەچوارچێوەی چالاکییەکانی بیستوچوارەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی و ڕوناکبیری گەلاوێژ پێشانگای کتێب بەبەشداری هەزاران ناونیشانی جیاوازی کتێب کرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ ی ئایاری ٢٠٢١، بیستوچوارەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی و ڕوناکبیری گەلاوێژ لە شاری سلێمانی دەستی بە کارەکانی کرد و تا ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
فێستیڤاڵەکە لەژێر دروشمی “دیالۆگی لابردنی ماسکەکان” دەستی پێکرد و جگە لە بەشداریکردنی دەقی نوێی شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوە چەندین نووسەری ناوخۆیی و عەرەبی و ئێرانی میوانی فێستیڤاڵەکەن. چالاکی و پانێڵەکانی لە هۆتێل ڕامادای شاری سلێمانی بەڕێوەدەچن.
لە یەکەم ڕۆژیدا پێشانگای کتێب بە بەشداری زۆربەی ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەو ١٥ هەزار ناونیشانی جیاواز بە زمانەکانی کوردی و فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی دەستیپێکرد.
پێشانگاکە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ لەناو کتێبخانەی گشتی سلێمانی کراوە دەبێت و ڕۆژانە خوێنەران و دۆستانی کتێب دەتوانن لە کاتژمێر ٩ تا ٦ ی ئێوارە سەردانی بکەن.
بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ، کە ڕێکخەری فێستیڤاڵەکەیە؛ ساڵی ١٩٩٦ دامەزراوە. ناوی گەلاوێژ وەک ڕێزلێنان و پێزانینێک بۆ مامۆستای ڕووناکبیر ئیبراهیم ئەحمەد دانراوە کە لە ساڵانی ١٩٣٩-١٩٤٩ گۆڤاری گەلاوێژی لە شاری بەغدا دەرکردووە.