نەوت رێگرە لە سەپاندنی یاسای قەیسەر.. پەکەکە ترسی هەیە

پۆڵەتیک پرێس_

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات تاکە بژاردەی بەردەم ئەمریکا بوو بۆ واژۆکردنێکی فەرمی دەرهێنانی نەوت لە رۆژئاوای کوردستان، لێکۆڵەرێکیش پێی وایە پارتی کرێکارانی کوردستان نیگەرانە لەوەی ئەمریکا بەم ڕێککەوتنە فکریەتی پارتەکەی لەو پارچەی کوردستان لاوازبکات.

ڕێککەوتنی بیست و پێنج ساڵەی نێوان بەڕێوەبەرێتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئەمریکا بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی ڕۆژئاوا لەلایەن کۆمپانیای دەلتا کرێسینت ئینێرجی ئەمریکی لەپاش مانەوەی چەندان سەربازی ئەمریکا بوو بۆ پاراستنی ئەو کێڵگە نەوتییانە و پاشتر ئاشکبوونی خواستی ئابووری ئەمریکا.

مەزڵوم عەبدی پێش گرێبەستەكە لەگەڵ سەرجەم لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا ڕێككەوتووە

مەزڵوم عەبدی، کە بەنوێنەرایەتی ھەسەدە گرێبەستەكەی واژووكردووە، جگە لە ھێزە كوردییەكان، سەرجەم پێكھاتە و كەمینەكانی دیكەش پشتگیریان كرد و ئاگاداری وردەكاری گرێبەستەكە بوون، پێش گرێبەستەكەش لەگەڵ سەرجەم لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا ڕێككەوتووە لەنێوانیاندا (ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان_سوریا) کە پێیاین وابووە هۆکاری سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتییە.

دەربارەی ڕەهەندی سیاسی رێککەوتنەکە، لێکۆڵەرێک لە کاروباری سیاسی ئەمریکا پێی وایە، کوردانی ڕۆژئاوا لەپاڵ ڕێککەوتنە نەوتییەکەدا پارێزراو دەبن، بەهۆی ئەوەی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو خاکەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەڕێوەدەبرێت قەوارەیەکی دەستووری نییە، ئەمریکا لەرێگەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆی ڕێکەوتنەکەی کردووە وەک لایەنێکی فەرمی.

ئەمریکا کورد لە یاسای قەیسەری دەپارێزێت کە لەمانگی شەشەوە بەسەر حکومەتی بەشار ئەسەددا سەپێندراوە

کاروخ خۆشناو بۆ پۆڵەتیک پرێس_ئەوە دەخاتەڕوو، “ئەم هەنگاوەی ئەمریکا بۆ پاراستنی کوردە لە یاسای قەیسەری ئەمریکا کە لەمانگی شەشەوە بەسەر حکومەتی بەشار ئەسەددا سەپێندراوە و سوریا گۆشەگیر کراوە و دۆخی ئابووری لە خراپیدایە”.

“ئەو کۆمپانیایەی کە گرێبەستەکەی کردووە نزیکە لە پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا، لەم دۆخەشدا نەک ئەمریکا بەڵکو ئەوە پاڵپشتییەکی سیاسیشە بۆ رۆژئاوا و خەڵکی ناوچەکەش سوود لەو ڕێککەوتنە دەبینن” خۆشناو وای وت.

وتیشی، “پارتی کرێکارانی کوردستان ترسی هەیە ئەمریکا بە گرێبەستی نەوتی ڕۆژئاوای کوردستان لە فکری پەکەکە لاوازبکات، بۆیە لە ئاستی سەرکردایەتی دژایەتی دەکەن و پێیان وایە نەوتی سوریا هی گەلانی سوریایە و دەشێت وەک پارتێکی سیاسی بۆچووونی خۆیان هەبێت”.

پەکەکە ئەژموونی سیاسی و سەربازی لەسەر بەشێک پارتەکان و ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان هەیە و دەکرێت ئەمە وەک هەوڵێک ببینێت لە دژی

پێشتر لە کاردانەوەی گرێبەستەکەدا جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان “کەجەکە” لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ستێرک تیڤی، تەلەفزیۆنی پارتی کرێکارانی کوردستان، رایگەیاند “ئەوان ئاگاداری رێککەوتنە نەوتییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ کۆمپانیای “دەلتا کرێسینت ئینێرجی”ـی ئەمریکی نەبوون و وەکوو خەڵکی دیکە لە راگەیاندنەکانەوە بیستوویانە”.

جەمیل بایک لە بەشێکی لێدوانەکەیدا بۆ ستێرک تی ڤی، دەڵێ: “سەرجەم سەرچاوە سرووشتییەکانی سەر زەوی و ژێرزەوی سووریا موڵکی دەوڵەت و خەڵکی ئەو وڵاتەن، “بۆ کەس نیە بیانکاتە هی خۆی و مامەڵەیان پێوەبکات”.

خۆشناو پێی وایە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئەژموونی سیاسی و سەربازی لەسەر بەشێک پارتەکان و ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان هەیە و دەکرێت ئەمە وەک هەوڵێک ببینێت لە دژئ خۆیم تایبەتر کە ئەو پارتە لەلیستی گروپە تیرۆرستییەکانی ئەمریکا دایە.

ڕۆژانە 400 هەزار سەد ھەزار بەرمیل نەوت لەكێڵگەكان بەرھەمدەهێنرێت

حكومەتی سوریا پێش ساڵی 2011، بەگشتی ڕۆژانە 380 ھەزار بەرمیل نەوتی خاوی بەرھەمھێناوە، بەشی زۆریشی لەو ناوچانە بەرھەمھێناوە، كە لەئێستادا دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی ھێزەكانی سوریای دیموكرات، بەتایبەتیش كێڵگە نەوتییەكانی دێرەزوور.

بەپێی گرێبەستەكەی نێوان ھەسەدە و كۆمپانیا ئەمریكییەكە، بڕیارە ڕۆژانە 400 هەزار سەد ھەزار بەرمیل نەوت لەكێڵگەكان بەرھەمبھێنرێت، وێڕای لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، کە ئاماژەی بەوەکرد “جگە لەدەرھێنانی نەوت پەرە بە نۆژەنكردنەوەی كێڵگە نەوتیەكانیش دەدەین، واتە ئامانجیانە لەداھاتوودا ھەوڵ بدەن ئاستی بەرھەمھێنان بەرزبكەنەوە و دەستیش بۆ كێڵگە غازیەكان ببەن”.

گرێبەستە نەوتییەكەی ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن حكومەتی ئەمریكاوە گەڵاڵە كراوە و خۆشیان سەرپەرشتی كێڵگە نەوتییەكان دەكەن، ھێزەكانی سوریای دیموكراتیش بەھاوكاری ھێزە ئەمریكییەكان پارێزگاری لەكێڵگەكان دەكەن.

گرێبەستەکە دانپێدانانی ناڕاستەوخۆی ئەمریكایە بەھێزەكانی سوریای دیموكرات، كە كاراكتەری سەرەكی لەنێویاندا ھێزی كورد و پەیەدە یە

کاروخ خۆشناو دەڵێت، ” گرێبەستەکە دانپێدانانی ناڕاستەوخۆی ئەمریكایە بەھێزەكانی سوریای دیموكرات، كە كاراكتەری سەرەكی لەنێویاندا ھێزی كورد و پەیەدە یە، بەتایبەتیش بەتاڵكردنەوەی ھەوڵەكانی توركیایە، لە بەتیرۆریست ناساندنی ئەو ھێزە”.

رۆژی 30ـی مانگی رابردوو لە کۆنگرێسی ئەمریکا تاوتوێی گرێبەستەکە کرا، ئەوەش کاتێک مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەی قسەیکرد.

پۆمپیۆ باسیلەوە کرد، “واژۆکردنی رێککەوتنەکە کەمێک لەوە زیاتری پێچوو کە ئومێدمان دەکرد، بەڵام ئێستا لە قۆناغی جیبەجێکردندایە و دەکرێت زۆر باشیش بێت”.

ئەمریکا دوو پاڵاوگە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان دروستدەکات

ئەمریکا تەنیا پاڵپشتی لە رێککەوتنی نێوان کۆمپانیاکە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ناکات، بەڵکو خۆیشی هەندێک هەنگاو دەنێت، لەوانەش دابینکردنی دوو پاڵاوگە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و لە ڕۆژئاوای کوردستان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ناوەندە سیاسی و ئەمنییەکانی ڕۆژئاوا وەک زانیاری دراون بە پۆڵەتیک پرێس، کۆڕبەندی گفتوگۆی کوردی-کوردی نێوان 25 پارتی رۆژئاوای کوردستان، هۆکاربووە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی نێوان خۆسەر و کۆمپانیا ئەمریکییەکە بەئەنجام بگات.

خواستی بەرێوەبەرایەتی خۆسەریش، گەشەسەندنی ئابووری و بوژاندنەوەی دەسەڵاتی رامیاری و ئەمنی ناوچەکەیە و هەوڵێکیشە بۆ بەفەرمی ناساندنی ئەو قەوارەیەی تائێستا نەبۆتە ناوەندێکی فەرمی لە سوریا و ئاستی جیهاندا، و بەهێزکردنی پێگەیەتی لە نوسینەوەی دەستووری سوریادا.

پۆڵەتیک پرێس هەوڵیدا لێدوان و رای پارت و کەسایەتییە دیارەکانی ڕۆژئاوا وەربگرێت، لەسەر گرێبەستە نەوتییەکە، بەڵام هیچ کام لە بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر و سیاسییە دیارەکانی رۆژئاوا ئامادەنەبوون قسە لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە بکەن.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا