کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ: پێویستە دادگای تایبەت بۆ بکوژانی خۆپیشاندەران دابمەزرێت

پۆڵەتیک پرێس

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق داوا دەکات پەرلەمان ڕەشنووسی یاسایەک ئامادە بکات بۆ دروستکردنی دادگایەکی تایبەت بۆ ئەوانەی لە کوشتنی خۆپیشاندەران تێوەگلاون.

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ ئایاری ٢٠٢١، داوای کرد حکومەت یاخود سەرۆکایەتی عێراق ڕەشنووسی یاسایەک ئامادە بکەن و پێشکەشی پەرلەمانی بکەن، یاساکەش لەبارەی دروستکردنی دادگایەکی تایبەت بێت بۆ لێپێچینەوە لەو کەسانەی لە کوشتنی خۆپیشاندەران تێوەگلاون.

ئەم داوایەی کۆمیسیۆن لەکاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە شاری بەغدا و چەند شارێکی دیکەی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەستیپێکردەوە.

خۆپیشاندانەكان لە عێراق هاوكاتە لەگەڵ چەند رووداوێكی كوشتنی چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان و كاندیدی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، خۆپیشاندەران داوایان لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق  دەکرد لێپێچینەوە لە بکوژان بکات.

سەرچاوەیەکی تەندروستی عێراقی بە کەناڵی فرانس ٢٤ ی ڕاگەیاندووە، لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ حەوت خۆپیشاندەر تووشی هەناسەتەنگی و برینی سوک بوون بەو بۆمبە غازی و دوکەڵیانەی ئاراستەیان کراوە، هاوکات چوار کارمەندیش لە هێزەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران بە بەرد بریندار بوون.

پێشتریش لە ٢٥ تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩ خۆپیشاندان لە عێراق لە دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپی سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات بەڕێوەچوو كە تیایدا زیاتر لە ٧٠٠ خۆپیشاندەر كوژران و زیاتر لە ٢٠ هەزار كەسیش برینداربوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا