ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە بارەی داهاتی سلێمانی روونكردنەوە دەدات

پۆڵەتیك پرێس

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ئەو قسەیە هیچ بنەمایەكی راستی تێدانیە كە دەوترێت داهاتی سلێمانی ناگەڕێتەوە بۆ حكومەت، ئەگەر وایە با وەزیری دارایی راستییەكان ئاشكرابكات.

ئازاد محەمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئەو قسەیەی كە دەوترێت داهاتی سلێمانی ناگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم بێ‌ ئەندازە دوورە لە راستییەوە، هەموو داهاتی پارێزگای سلێمانی دەچێتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمەوە، چونكە هیچ كەس ناتوانێت بەبێ‌ فەرمانی تایبەت یان بڕیاری وەزیری دارایی ئەو پارەیە دەربكات.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی: راستە پارەكە بە كاشی ناچێت بۆ وەزارەتی دارایی لە هەولێر، پارەكە دەچێتە بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی و لەوێوە ژمارەی ئەو پارەیە دەچێتە وەزارەتی دارایی و دواتر بەپێی ئەو داهاتەی كە نێردراوە بۆ بانكی ناوەندیی هەرێم، وەزارەتی دارایی فەرمانی خەرج كردنی دەدات چ بۆ پرۆژەكان بێت یان بۆ موچە بێت.

ئەم قسانەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دوای ئەوەدێت ژمارەیەك ئەندام پەرلەمانی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایانگەیاند هۆكاری دواكەوتنی موچە و پێنەدانی موچە لەم مانگەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە داهاتی سلێمانی ناگەڕێتەوە بۆ حكومەت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا