پۆڵەتیک پرێس
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوایکرد فەڕەنسا بەردەوامبێت لەپشتیوانیکردنی عێراق و هەرێم.
لەمیانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ شاندێکی فەڕەنسا لەهەولێر، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی فەڕەنسای کرد بۆ ئەو هاوکارییە مرۆیی و سیاسی و سەربازییانەی کە پێشکەشی هەرێمی کوردستانی دەکات.
لەبەرامبەردا شاندە فەڕەنسییەکە جەختی لەوەکردەوە، گرنگییەکی زۆر دەدات بەپەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێم و پێگە و رۆڵی هەرێم لەسەقامگیری عێراق و ناوچەکە.
هەر لەو دیدارەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جموجوڵەکانی داعش و رۆڵی هێزەکانی فەڕەنسا و هاوپەیمانان لەپشتیوانیکردنی عێراق و هەرێم بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر کرا.
ئەمڕۆ سێشەممە شاندێکی فەڕەنسی کە پێکهاتبوو لە فرانسواز دۆما، سەرۆکی لیژنەی بەرگری نیشتیمانی و سەربازی پەرلەمانی فەڕەنسا و پەرلەمانتاران فلیپ مایەر و گویندیل رۆیالارد، بەیاوەری باڵیۆزی فەڕەنسا لەعێراق و کونسوڵی فەڕەنسا لەهەرێم سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و چاویان بەچەند بەرپرسێکی هەرێم کەوت.