19 بنكەی دەزگا “مەترسیدارەكەی” توركیا لە هەولێرو دهۆك هەیە

پۆڵەتیك پرێس: هاوژین زیبا

ماوەی چەند ساڵێكە دەزگای هەواڵگری میتی توركیا بەنهێنی و ئاشكرا بنكەو بارەگای لە هەرێم كردوەتەوە، بەپێی زانیارییەكان نزیكەی 20 بارەگای هەیەو لەو رێگەیانەوە چاودێری چەندین ناوچەی هەرێمی كردووە، هاوكات بووەتە هۆی ئاشكراكردنی شوێنی پەكەكەو سەركردەكانی.

دەوڵەتی توركیا بەردەوام هەوڵیداوە لەشكركێشی لەناو هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات، بۆ ئەو مەبەستەش دەیان بنكە و بارەگای سەربازی و هەواڵگری كردووەتەوە.

بەپێی ئامارەكان، ژمارەی ئەو بنكە و سەربازگانەی توركیا كە بەئاشكراو نهێنی لەهەرێمی كوردستان كردوویەتییەوە زیاتر لە ١٩ بنكەن كە ١٥یان بنكەی سەربازین و چواریشیان بارەگای هەواڵگرین و زۆربەیان دەكەونە پارێزگای دهۆك و بەشێكیشان لە پارێزگای هەولێرن.


میت كەی دامەزراوە؟

ئەو دەزگایە لەساڵی ١٩٢٧ بەفەرمی و بەناوی خزمەتگوزاری ئاسایشی نەتەوەییەوە دامەزرا، بەڵام لە ساڵی ١٩٦٧ ناوەكەی كرا بەدەزگای هەواڵگری نەتەوەیی كە بە میت ناسراوە.

سەرەتای مێژووی دەزگای هەواڵگری نەتەوەی توركیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٣، كە تێیدا دەزگایەك بۆ كاروباری هەواڵگری لە دەوڵەتی عوسمانیدا دروستكرابوو.

توركیا بەدیاریكراویی لە ساڵی 1991ەوە لە رێگەی ئەو دەزگایەوە خۆی لە باشووری كوردستان جێگیركردووە

ئێستا دەزگای هەواڵگری میت راستەوخۆ بەسەرۆكایەتی كۆماری توركیاوە بەستراوەتەوە، واتا لەژێر فەرمانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیادایە.

مێژووی هێرشەكان

توركیا بەدیاریكراویی لە ساڵی 1991ەوە لە رێگەی ئەو دەزگایەوە خۆی لە باشووری كوردستان جێگیركردووە، لە ساڵی 1997یشەوە چەندین بنكە و بارەگای سەربازی بە تایبەتی لە سنوری بادینان بەئاشكرا دروستكردووە، لەو ماوەیەشدا بەردەوام ئەو ناوچانەی وەك بەشێك لەسنوری دەسەڵاتی خۆی بەكارهێناوە، بەڵام پێشتر لە رێگەی ئۆپراسیۆنی سەربازییەوە هاتووەتە هەرێمی كوردستانەوە.

شوێنی بنكە سەربازییەكانی میتی توركیا لە هەرێم

ئێستا میت لە هەریەكە لە بامەڕنێ، شێلادزێ، باتوفا، كانی ماسی، كربی، سەنكێ، سیرێ، قوبكێ، قومری، كۆخێ سپی، سەرێ زێر، گەلی زاخۆ و ئامێدی هەیە، هەروەها لە هەولێر، دهۆك، زاخۆ و ئامێدی لق و بارەگای دەزگاكە هەن.

ساڵی ٢٠١٥ كە پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان كۆتایی هات، دەزگای میت لە دەرەوەی وڵات بۆ كۆكردنەوەی زانیاریی دەربارەی ئەندامانی پەكەكە و بزوتنەوەی خزمەت و چاودێریكردنیان چالاكییەكانی زیاتر كرد تا لەو رێگەیەوە بەر بەچالاكییەكانی پەكەكە بدات.

پەکەکە بەرپرسانى پارتی دیموکراتى کوردستانیان بەوە تۆمەتبارکردووە کە هاوکارى میتى تورکیای کردووە


رۆژی ١٣ی حوزەیرانی ئەمساڵ میدیاكانی پەكەكە رایانگەیاند چەند ئەندامێكی میتی توركیایان دەستگیركردووەو ئاماژەیان بەوەكرد، ئەو ئەندامانەی میت پێشتر دانیان بەوەدا نابوو كە كەسێك بە ناوی چەتینەر چەتین، بەرپرسی ئەوان بووە لە هەرێم، كە ناوی لە بەڵگەكانی میتیشدا هاتووە، چەتینەر لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا، دانی بەهەبوونی ١٦ بارەگای دەزگای میت، لەهەولێرو دهۆك و سلێمانی داناوە.

هەروەها ئاشكراشیكرد، ماوەی نزیكەی چوار ساڵە بەشێوەی راستەوخۆ لە هەرێمی كوردستان كار دەكات.

میتی توركیا لە سنوری بادینان چەندین بنكە و بارەگای دروستكردووە، ئەو ناوچانەشی وەك بەشێك لەسنوری دەسەڵاتی خۆی بەكارهێناوە

بەردەوامیش پەکەکە بەرپرسانى پارتی دیموکراتى کوردستانیان بەوە تۆمەتبارکردووە کە هاوکارى میتى تورکیای کردووەو بووەتە هۆکار بۆئەوەى ئەو وڵاتە بە ئاسانى بنکەو بارەگاى خۆی لە هەرێم بکاتەوەو پێگەى خۆی بەهێز بکات

 

لەماوەی رابردوشداو بەهۆی بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەوە چەندجارێك خەڵكی شیلادزێ لەدەڤەری بادینان خۆپیشاندانیان ئەنجامداوەو بەهۆیەوە بنكەو بارەگاكانی توركیایان سوتاندووە.


چالاكییەكانی میت فراوان بوون

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ ناو خاكی كوردستان چالاكییە سەربازیی و هەواڵگرییەكانی توركیا بەئەندازەیەكی زۆر فراوان بووە بەتایبەتی لە رووی هەواڵگریی و سیخوڕییەوە، ئەمەش رێگەی خۆشكردووە بتوانێت بەئاسانی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لە هەرشوێنێكی هەرێم بەكاربهێنێت كە بیەوێت.

لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی رابردودا زۆرترین سەركردەی پەكەكە بەهۆی زیادبوونی چالاكییە هەواڵگری توركیا لە ناو هەرێم بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كراونەتە ئامانج.

ئەو فڕۆكانە بەهاوكاری دەزگاكانی میت، بەرپرسانی پەكەكە دەكەنە ئامانج بەنمونە رۆژی ١٦ی ئابی ٢٠١٨ زەكی شەنگالی بەبۆردومانی فڕۆكەی توركیا لەشەنگال تیرۆركرا، بۆردومانەكە بە هاوكاری هەواڵگری میت بوو، كە شوێنی ئەو بەرپرسەی پەكەكەیان دەستنیشان كردبوو، هاوكات چەندین سەركردەی دیكەی پەكەكەش هاوشێوەی زەكی شەنگالی بەهاوكاری بنكەكانی میت لە هەرێم تیرۆركراون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا