ژمارەی ئەو كەسانەی لەهەرێم ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین تۆماركردووە

پۆڵەتیك پرێس

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم هۆكاری دووبارە خۆتۆماركردن لە سیستمی ئۆنلاین بۆ وەرگرتنی ژەمی دووەمی ڤاكسین و هاتنی ڤاكسینی نوێ و ئەو كەسانەی تائێستا ڤاكسینیان وەرگرتووە دەخاتەڕوو.

ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزراتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند: “هۆكاری دووبارە تۆماركردنی ناوی ئەو هاوڵاتیانەی كە ژەمی دووەمی ڤاكسین وەردەگرن بە سیستمی ئۆنلاین، تەنها بۆئەوەیە ئەو كارتەی بۆیان دروستدەكرێت باركۆدی تایبەتی خۆیان دەبێت، داغڵی سیستمی جیهانی دەكرێت و لە ئایندەیەكی نزیكدا تەواو دەبێت، ئەوەش زۆر گرنگە بۆ ئەو كەسانەی لەداهاتوودا مامەڵەیەكیان دەبێت دەبێت ئەو كارتەیان هەبێت”.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتیشی”بۆ كڕینی ڤاكسین گەیشتونەتە قۆناغێكی باش و سەرجەم ئامادەكارییە یاساییەكانمان تەواوكردووە بۆ ئەوەی لەئایندەیەكی نزیكدا دەست بەكڕینی ڤاكسین بكرێت”.

بەوتەی ئاسۆ حەوێزی ئەو ڤاكسینانەی دەگاتە عێراق هەمەجۆرە، ئەوان هەفتەی جارێك وەجبەیەك ڤاكسینیان بەدەستدەگات، لەهەرێمیش هەشت بنكە بۆ ڤاكسین دانراوە، بۆ گواستنەوە و هێنانی ڤاكسین، بەڵام هەندێك جار بەشی هەرێم كەم دەكات، كەمێك درنگتریش دەگات.

لەبارەی دابەشكردنی ڤاكسین وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەكرد، زیاتر لە 100 هەزار ژەمە ڤاكسین بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمدا دابەشكراوە و زیاتر لە 146 هەزار كەسیش خۆیان لە سیستمەكە تۆماركردووە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین و هاتنی ڤاكسینیش بەردەوامی هەیە.

حەوێزی جەختیشكردەوە، كۆرۆنا تائێستا مەترسی هەیە، هەرچەندە ئامارەكان كەمییانكردووە، بەڵام داوا لەهاوڵاتیان دەكەن هاوكاری كەرتی تەندروستی بن، بۆئەوەی بەهەموولایەك بەرەنگاری كۆرۆنا ببنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا