دەرمان و ژەهر

لە سەردەمی نەخۆشی و پەتا و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندە چۆن مامەڵەی دەرمان دەکرێ؟ کێ لە ئێمە پەنای بۆ حەبێکی سەرئێشە و ژانە مەعیدە نەبردووە؟

وەک دەڵێن زانینی هۆی نەخۆشییەکە چارەسەر و دەرمانی ئاسان دەکاتەوە  تا چەندە ئەمە دروستە؟ ئەی ئەگەر هۆیەکەی زانرا و چەند کەسێک کۆنتڕۆڵی دۆخەکەیان کرد؟

بەو واتایەی سەرەوە، ڕێک دەکەوێ کە هۆی نەخۆشییەک بزاندرێ، چارەسەری بەو رادەیە ئاڵۆز نەبێت، بەڵام ئەوانەی دەستیان بەسەر کۆمپانیای دەرمان و تاقیگەکاندا گرتووە لەبەر قازانج و بەرژەوەندی چارەسەری خودی نەخۆشییەکە ناکەن، یاخود دوای دەخەن تاکو پارەی زیاتر بە کڕینی دەرمان و چوونە نەخۆشخانە خەرج بکرێ.

ئەوە لایەکی کێشەکەیە، لایەکەی تریان پابەندە بە جۆری دەرمان و کەمی ژمارەی دکتۆر و نەخۆشخانەکان. وڵاتانێکی دونیا هەن لەبەر گرانی چوون بۆ لای دکتۆر، نرخی دەرمان و مانەوە لە نەخۆشخانە، پەنا بۆ ڕێگای نایاسایی دەبەن لە کڕینی دەرزی و دەرمان. لەبەر ناکۆکیش لە نێوان چارەسەری پزیشکیی فەرمی و نافەرمی، واتە ئەو نەخۆشییانەی بە گژ و گیا و روەک چارەسەر دەکرێن؛ جۆری یەکەم پڕوپاگەندە بۆ مەترسیی بەکارهێنانی گژ و گیا دەکات، چارەسەری نافەرمییش دژی نایەکسانی چارەسەر بۆ هەموو هاوڵاتییەک، جاری وایش هەیە بە هۆی نەبوونی چارەسەری باوەڕپێکراو، پەنجە دەخاتە سەر کەلێنی پزیشکی فەرمی کە پشت بە زانستی و دیپلۆمی زانکۆ دەبەستێت.

لە نێوان هەردوو دۆزدا، کەسی نەخۆش لە بێ هیوایی بۆ گەران بۆ چارەسەری ئازارەکانی پەنا بۆ کڕینی دەرمانی ناو بازاری رەش دەبات کە لە تاقیگەی نایاسایی دروست کراون، بێگومان ئەوانەش هەمان پێکهاتەی دەرمانی راستیان نییە، بەڵکو عەیارەی گیرانەوەی دەرمان و دەرزییەکان هەرگیز وەک پێویستی نەخۆشییەکە نین، بگرە دەبنە ژەهر ئەگەر عەیارەی تەواو نەکرابێ و ئەوەندەی کێشەی نەخۆشەکە زیاد دەکات چارەسەری ناکات. هەر چۆن پزیشک و زانای سویسری پاراسێلس Paracelse لە سەدەی پانزەهەمدا گوتویەتی: ” هەموو شتێک ژەهرە تەنها عەیارەکردنی دەیسەلمێنێ کە ژەهر نییە.”[1]

کاردانەوەی جەستەی نەخۆش بەرامبەر بە دەرمانی ناڕەسەن تەنها لە وڵاتانی وەک عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەفریقیا و چەندین وڵاتانی تری جیهاندا نیە، بەڵکو دەیان حاڵەتی دەرمانی ناڕەسەن لە ناو هەناوی سیستەمە دیموکراتیەکانی ڕۆژئاوادا دەرکەوتووە بە هەمان هۆی دەستکاری عەیارەی دەرمانەکە کە ژیانی نەخۆشەکانی خستۆتە مەترسیەوە و لە ئاکامدا کردارەکانی و یاوەرانیان دراونەتە دادگایکردن بەو تاقیگانەیش کە بەرهەمیان هێناون.

مەبەستیش لێرە ئەوەیە، کە ئەو جۆرە دەرمانە دەبنە ژەهرێکی راستەقینە کاتێ عەیارەکردنیان لە ئاستی زانستی نییە، واتە کەمە یان زۆرترە لە رادەی پێویست. بێگومان ئەوەش بازاڕێکی گەرمی لە پشتە و گروپی مافیای جیهانی بەڕێوەی دەبەن، هەر وەکو چەک و هەر ئامرازێکی تر کە پاڵپشت بە قازانجن و هەرگیز مەبەستی چاکەی لە دوا نییە. هەتا شەڕ و هەژاریی و نەخۆشییش زیاد بکات، ئەوان دەوڵەمەندتر دەبن. ئەوەشە ڕێسای پەیڕەوکراو لەنێوان ئەو گروپە پەرژەوەند خوازانە.

بێجگە لەوەی، هەڵوێستی پزیشکیی فەرمی بە پەیڕەونەکردنی یەکسانیی چارەسەر بۆ هەمووان، درزی خستە باوەڕ و متمانەی تاکەکان لەبارەی هەچ پێشنیارێک سوودی زانستی لە دوادا بێت. ڤایرۆسی کۆرۆناش بە هەموو ئاڵۆزی و ژمارەی گیان لەدەستدانی مرۆڤ، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر نەمانی ئەو متمانەیە. لەو رووەوە، گرنگە جارێکی دی پەیوەندی نێوان پزیشک و نەخۆش بچێتەوە جێی خۆی و متمانە بەرپا بێت و پشت بەو دەرمان و چارەسەرانە ببەستێت کە لە تاقیگەی باوەڕپێکراوەوە بەرهەمهاتوون. هەموو ئەو دۆخەش گرنگە بخرێتە ژێر تقایبکردن و چاودێری دەوڵەت.

بەیان سەلمان

 

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا