پۆڵەتیك پرێس
پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات مانگانە زیاتر لە 10 بارهەڵگر چیمەنتۆ و 15 بارهەڵگر شیش لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە داخڵ دەكرێن و ئۆتۆمبیلەكان بە ئێرانی تۆماردەكرێن، سەرباری ئەوەش رۆژانە نزیكەی 80 بارهەڵگر ئۆتۆمبیل لەو خاڵە گومرگییەوە داخڵ دەكرێن، ئەمەش بە “تاڵانی” لەو خاڵە گرومرگییە ناو دەبات.
كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك راگەیەنراوێكی بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، لە ئێستادا شیش و چیمەنتۆ لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران داخڵ دەكرێت و لێخۆشبوونی گومرگیشی بۆ كراوە، داهاتی گومرگی چیمەنتۆ ڕۆژانە دەچێتە سەروو 300 هەزار دۆلار و مانگانەش زیاتر لە (10) بارهەڵگر چیمەنتۆ و سەرووی (15 بارهەڵگر) شیش داخڵ دەكرێن كە هەریەكەیان (نزیكەی 40 تۆن چیمەنتۆ و 25 تۆن شیش داخڵ دەكەن بە ناوی جیاجیاوە.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، ئێستا سەرقاڵی بەدواداچوونین بۆ چی مەبەستێكە چونكە گومان دەكرێت مەبەستی دیكەی لە پشتەوە بێت، سەرباری ئەم تاڵانییە، تەنانەت ئۆتۆمبێلەكان بە ئێرانی تۆمار دەكرێن، تا وەكو ناسنامەكانییان بۆ چاودێریكردن پارێزراوبن.
باسی لەوەشكردووە، داخڵكردن و گومرگكردنی ئۆتۆمۆبێل، كە ساڵانی پێشوو لە نزیك مانگی (7) دەستیپێدەكرد، ئەمساڵ لە مانگی (4) دەستیپێكردووە و گومان دەكرێت تا مانگی (11) بەردەوام بێت.
روونیشیكردووەتەوەە، ڕۆژانە نزیكەی (80) بارهەڵگر داخڵ دەبێت و هەر بارهەڵگرێك شەش ئۆتۆمۆبێل هەڵدەگرێت و گومرگی هەریەكێكیان جیا جیایە، بە جۆرێك لە (2,5) ملیۆن دینار كەمتر نییە تا نزیك بە (10) ملیۆن دینار، واتا ڕۆژانە داهاتەكە نزیكەی یەك ملیار نیوە و مانگانە نزیكەی (50) ملیار دینار، ئەگەر ئەم بڕە درێژ بكەینەوە بۆ ماوەی حەوت مانگ، ئەم بڕە پارەیە زیاترە لە سەدان ملیار دینار.