ئێران وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە

پۆڵەتیک پرێس

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکای دایەوە و وتی: لابردنی سزاکان لەسەر ئێران ئامرازی دانوستان نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقی و یاسایی ئەمریکایە و نابێت سزاکان وەک ئامرازی دانوستان بەکاربهێنرێن.

پێشتر ئەنتۆنی بلینکن وتبووی، هێشتا ئەمریکا هیچ نیشانەیەکی نەبینیوە ئاماژەپێکەری ئەوەبێت ئێران هەنگاوی پێویستی نابێت بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و وتی، دانوستانەکانی ڤیێنا لەنێوان ئەمریکا و لایەنەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوامە و ئەو هەنگاوانە دیاریکراون کە دەبێت ئەمریکا و ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنەکە پێوەی پەیوەستبن.

وتیشی، بەمشێوەیە، دەزانین کام سزایانە لادەبرێن کە ناگونجێن لەگەڵ رێککەوتنی ئەتۆمی، بەڵام لەهەموو شتێک گرنگتر ئەوەیە دەبێت ئێران بزانێت پێویستە چیبکات تا بگەڕێتەوە ناو رێککەوتنی ئەتۆمی.

لایخۆیەوە عەباس عەرەقچی، گەورە دانوستانکاری ئێران لەدۆسیەی رێککەوتنی ئەتۆمی رایگەیاند، پێویستە سەرەتا ئەمریکا سزاکان لەسەر ئێران لاببات بەوسیفەتەی ئەو لایەنە بوو کە رێککەوتنەکەی جێهێشت.

وتیشی، لەدوای ئەوەی سەرجەم سزاکان لەلایەن ئەمریکاوە لابران ئێرانیش بەتەواوەتی بەرێککەوتنی ئەتۆمییەوە پەیوەست دەبێت، ئەو دەپرسێت: بەڵام ئایا ئەمریکا ئامادەیە بۆ ئەمە؟

لەماوەی رابردوودا چەندین جار تاران داوای گەڕانەوەی بێمەرجی واشنتۆنی کرد بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و لابردنی تەواوی سزاکان لەسەر ئێران.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا