پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك_گەرمیانی پارتی دیموكرات دەڵێت، پێویستە لە نوسینەوە و پەسەندكردنی دەستووری هەرێمدا كوردستانی بوونی كەركوك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم جێگیربكرێت و سازش لەسەر ئەم ناوچانە نەكرێت.
عەدنان كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك_گەرمیانی پارتی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: هێز و لایەنە سیاسییەكان و یاساناسان، لە كاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێم كە نەخشەی سیاسی و جوگرافی هەرێمی كوردستان دیاری دەكەن، ئەبێت بەپێی ئەو بەڵگە نامە جوگرافی و مێژووییانەی كە هەیە، وە لە بەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانكارییە دیموگرافییانەی بەسەر ناوچەكەدا هاتووە و بەگەڕانەوە بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە 25_9_2017 كە خەڵكی ئەم ناوچانە دەنگیان بە سەربەخۆیی دا كەواتە ئەم ناوچانە كوردستانین، ئەمە بەڵگەیەكی زۆر گرنگە كە دەبێت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان جەختی لەسەر بكەنەوە.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی وتی: بۆ سەلماندنی كوردستانی بوونی كەركوك دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئاماری 1957 ئەم ناوچانە بەپێی هەموو بەڵگەكان ناوچەی كوردستانین، بۆیە دەبێت ئەم ناوچانە لە رووی سیاسی و ئیداری لە دەستووری هەرێمی كوردستان جێگیربكرێت، وە سازشی لەسەرنەكرێت.
باسی لەوەشكرد، وەكو چۆن مەلا مستەفای بارزانی لە ساڵی 1974 سازشی لەسەر كەركوك نەكرد لە كاتێكدا حكومەتی ئەوكاتەی عێراق ئامادەبوو، كەركوك نیوە بە نیوە بكرێت بەڵام مەلا مستەفای بارزانی قبوڵی ئەوەی نەكرد بۆیە ئێستاش دەبێت ئەو كەلتوورەی بارزانی جێیهێشتووە، هێز و لایەنە سیاسییەكانیش سوربن لەسەر كوردستانی بوونی ئەم ناوچانە.