ئەو توخمانەى هەڕەشە لە چیرۆک و ڕۆمان دەکەن

لەبارەی چیرۆک و ڕۆمانەوە (١)

*ئەو توخمانەی هەڕەشە لە چیرۆک و ڕۆمان دەکەن

نووسینی: عەباس مەعروفی

وەرگێڕانی: کەیوان هەورامی

دەمانەوێ بزانین چ شتێک وا لە بەرهەمێک دەکات کە نەمر، بەرجەستە و درەوشاوە بێت؟ ڕاستییەکەى ئەوەیە کاتێک نووسەر خەریکى نووسینى ڕۆمان یان چیرۆکێکە، هەر هەمان کات بەروارى بەسەرچوونەکەشى واژۆ دەکات. حافز جارێ بۆ هەشتسەد ساڵ واژۆى کردووە. نیزامى بۆ نزیکەى هەزار ساڵ، عەتار دەوروبەرى هەزار ساڵ، شەکسپیر نزیکە سێسەد چوارسەد ساڵ. ئەم بەرهەمانە ئەوەندە کاتیان بڕیوە و من لام وایە کاتى بەسەرچوونیان بێکۆتاییە. بەڵام لە وڵاتى ئێمەدا زۆر بەرهەم هەیە کە ئێوە لە کتێبخانەکەتاندا هەتانە و خوێندووتانەتەوە، کەچى وەختێک لێى دەڕوانن، هیچ شتێکیتان بیر نایێتەوە. ڕاستییەکەى ئەوەیە کە ئەو بەرهەمە بەروارى بەسەرچوونەکەى تەواو بووە. واتە نووسەرەکەى وەک پێویست کارى لەسەر نەکردووە و کتێبەکەش هەرەسى هێناوە. بەسەر کێدا؟ بەسەر نووسەرەکەیدا!
گەر سەرنج بدەن، دەبینن لە بەرهەمێکى سەرکەوتوودا کۆمەڵێک وردەکارى بەرچاو دەکەون. بۆ نموونە، گەر سەرنج لە ڕۆمانى «تاوان و سزا»ى دۆستۆیڤسکى بدەن، لە دیمەنى تەوروەشاندن و کوشتنى دوو پیرێژنەکەدا، داوەریکردنێکى ژێراوژێر هەیە. نووسەر داوەر نییە، لەگەڵ ئەوەشدا داوەرییەکى ژێراوژێر لەئاردایە. کاتێک ڕاسکۆڵنیکۆف یەکەمین پیرێژن دەکوژێت، وەک ئەوە وایە «تەور بە تەختەدا بکێشێت»، بەڵام کاتێک دووەمین دانەیان دەکوژێت، نووسەر دەڵێت: «وەک گەڵا لەرزى، وەک ئەوەى هەناسەى سوار بووبێت». جا پاشان وردەوردە وێناى دەکات.
با بگەڕێینەوە نێو کەسایەتییەکانى خۆمان و بزانین فیردەوسى چیی کردووە کە بەرهەمەکەى هەزار ساڵ ژیاوە؟ من هەر ئەم ماوەیە بەدەم خوێندەوەى شانامەوە بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەم فیردەوسییە چیی کردووە کە ئەم بەرهەمە هەزار ساڵ ژیاوە و هاوکات بەر ئەم دێڕانە کەوتم:

لە ڕۆژى جەنگا یارى دلێر و ئەرجمەند
بە شیر و خەنجەر بـــە گورز و کەمەند
بـــریی و دڕیـــی و شکاندى و بەستى
هەر پاڵەوانێ سەر و سینە، پێ و دەستى

بڕوانن، هەموو شتێک ڕێکخراوە، هەموو شتێک بە ڕێسایە. واتە: شمشێر بۆ بڕینە، خەنجەر بۆ هەڵدڕینە، گورز بۆ شکاندنە و کەمەند بۆ بەستنەوەیە. جا ئەمانەش هەموو بە جۆرێک لە ڕێکخستن بەدواى یەکدا هاتوون: سەر، سنگ، پێ و دەست. واتە وا نییە بڵێین بە گۆترە پێکەوەى بنێیت.
ئێستە بینیمان چ شتگەلێک بەرهەمێکى ئەدەبی گەورە دەکەن. جا با بزانین چ شتانێک هەرەس بە بەرهەمێکى ئەدەبی دەهێنێن:
١. زمان
زمان بەو واتایەى کە نووسەر کەڵک لە زمانێکى ناچیرۆکى وەربگرێت. بۆ نموونە بە زمانى شیعر کار بکات و وشەگەلى شیعرى بهێنێت.
٢. بارى زیادە
بە واتاى ڕوونکردنەوەى زیادە. هاوواتاگەلى بێمانا، بە جۆرێک وەک ئەوەى چلچرایەک هەڵواسرابێت و بەشێک لە گڵۆپەکانى سووتابن. دەى ئەو گڵۆپە سووتاوانە چین؟ لایان ببە و بهێڵە چلچراکە بدرەوشێتەوە! ئەو ڕوونکردنەوە و هاوواتا زیادانە وەک گڵۆپە سووتاوەکانى ئەو چلچرایە وان.
٣. یادگاریی کەسى
یادگارییە کەسییەکانى من تەنیا بۆ من سەرنجڕاکێشن، بە هیچ شێوەیەک بۆ خوێنەر سەرنجڕاکێش نین. ئێمە دەبێت یادگارییە کەسییەکانى خۆمان بە تەکنیکێک بگۆڕین بە یادگەیەکى گشتى، کە پێشتر کارمان بۆ کردبێت. واتە ئێمە نابێت وا بزانین یادگارییە کەسییەکانى خۆمان، کە تەنیا بۆ من و پوورێم و دایکم سەرنجڕاکێشن، بۆ وانەریش گرنگن.
٤. گوتوبێژى بێکەڵک
ئەو گوتوبێژانەى کە ئەگەر لە دەقەکەدا لایان ببەین، ڕۆمانەکە هیچى لێ کەم نابێتەوە. کەواتە بۆ دەبێت تێیدا بن؟!
٥. وێناسازیی بێ کردەوە
وێناسازییەک کە هیچ پەیوەندیی بە ڕووداوەوە نەبێت. هەر وا لە خۆڕا دەست بکەین بە وێناسازى و وا بزانین شتێکى جوانە و دەرگا و دیوار وێنا بکەین.
٦. هاوەڵکار و هاوەڵناو
بۆ نموونە بنووسیت: «بە دەموچاوێکى تووڕەوە هاتە ژوور.». نووسەر وا ناڵێت، نووسەر “تووڕە” دەئافرێنێت. دەڵێت: «دایکەکە نەرمونیان بوو»! تۆ پێویستە “نەرمونیان”ى بئافرێنێت. ئەوە منى خوێنەرم کە دەبێت تێبگەم دایکەکە نەرمونیان بوو و باوکەکە شەڕانى بوو یان هەرچى…

من بەر ڕستەیەک کەوتووم کە دەمەوێت بۆتان بنووسم: «لە چیرۆک و ڕۆماندا هەمیشە هاوەڵناو، وشەى بەر لە خۆى لە وەسف دادەماڵێت.»
بەڵام ئایا نووسەرێک چۆن دەزانێت کارەکەى لە کوێدا خەوشدارە و دەبێت ڕێکى بخاتەوە؟ ئەو شوێنە کوێیە؟
ئەمە بەشێکى ئەزموونە، بەڵام من پێشنیارێکتان بۆ دەکەم و بەم ڕستەیە کۆتایی بەم باسە دەهێنم:
لەسەر ستوونێک نووسرابوو: «ئاگادارى: پێویستیمان بە هاوبەشێکى دەمبەخێر هەیە. ناونیشان: شەقامى شا ئیسماعیل، کۆڵانى قەرەسوو، نزیک خشتسازی. کارگەى میزەڵانسازیی حەقیقەت.»
دەمەو نیوەڕۆ سەرێکم دا و گوتم: منم! گوتى تۆ کێیت؟ گوتم هاوبەشى دەمبەخێر. گوتى سەرمایە لە من و کاریش لە تۆ. هەر ئەو ڕۆژە دەستم پێ کرد و تا داھاتنی شەو فووم کردە ١٤٥ میزەڵان و تەقاندمن! گوتى: “ئەوە بۆ وات کرد کوڕە؟!” گوتم: “دایمە بە دواهەمین فوو دەتەقێ. بیرت نەچێ، هەمیشە بەر لە دواهەمین فوو بە داوێک بیبەستە.”
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە:
کارگاە داستان نویسى اجتماعى
عناصر تهدیدکنندە داستان و رمان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا