بەردی بناغەی پڕۆژەی سایلۆی سلێمانی دانرا

پۆڵەتیک پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە بەئامادەیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆک و وەزیری کشتوکاڵی هەرێم و پارێزگاری سلێمانی و چەند بەپرسێکی دیکەی هەرێم، بەردی بناغەی پڕۆژەی نیشتیمانی سایلۆی مۆدێرن و بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لەپارێزگای سلێمانی دانرا.

لەوبارەیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیوادارم ئەم پڕۆژەیە دڵنەوایی بدات بە جوتیارانی کوردستان کە چیتر خەمی ئەوەیان نەبێت بەرهەمەکانیان چی لێبکەن و هەوڵبدەین ئیدی پێویستمان بە هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەوە نەبێت و تەنانەت بتوانین بەرهەمی ناوخۆیی هەناردەی وڵاتانیش بکەین.

وتیشی: داوایەکمان لەوەزارەتی شارەوانییەوە پێگەیشتووە بۆ دابینکردنی بودجەیەک بەبڕی پێنج ملیار و 700 ملیۆن دینار بۆ بوژانەوەی سەوزاییەکانی پارکی هەواری شار و شەقامی بازنەی مەلیک مەحمود و لێرەوە بەڵێن دەدەین بەدابینکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی.

لەلایەکی دیکەوە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێم رایگەیاند، گرنگی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە ساڵانە جوتیاران بەدیار رادەستکردنی گەنمەکانیان بە سایلۆکانیان و دواکەوتنی شایستە داراییەکان گیرۆدەن، ئێمەش وەک وەزارەتی کشتوکاڵ لەڕێی ئەم پڕۆژانەوە و بەهاوکاری کەرتە تایبەتەکان هەوڵی زیادکردنی رێژەی وەرگرتنی گەنمی ساڵانە دەدەین.

پڕۆژەی نیشتیمانی سایلۆی مۆدێرن و بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لەپارێزگای سلێمانی خۆی دەبینێتەوە لەعەمبارکردن و بەرهەمهێنانی خۆراک و بەبازاڕکردنی گەنم و دانەوێڵە و دروستکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان بەتازەترین تەکنەلۆژیا، بەپێی قسەی وەزیری کشتوکاڵی هەرێم، لەچەند هەفتەی داهاتوودا بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیە لەپارێزگای دهۆکیش دادەنرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا