پۆڵەتیک پرێس
لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمان داوایکرد بەمەبەستی زیادکردنی رێژەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەڕێی رێکخراوی ئۆپیکەوە رێککەوتن لەگەڵ سعودیە بکرێت.
لەوبارەیەوە غالب محەمەد عەلی ئەندامی لیژنەکە رایگەیاند، هەر رێککەوتنێکی ئابووری لەناو رێکخراوی ئۆپیک ئەنجامبدرێت لەبەرژەوەندی عێراقە بەتایبەت کە یەکێکە لەو وڵاتانەی ئابوورییەکەی بەڕێژەی %97 پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت.
وتیشی: نرخی نەوت بەهەر رێژەیەک زیادبکات تەنانەت ئەگەر دۆلارێکیش بێت ئەوا بەشێوەیەکی ئەرێنی کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق دادەنێت.
غالب محەمەد جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە عێراق بەنوێنەرایەتی سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ تاوتوێی زیادکردنی رێژەی هەناردەی نەوت بکات و لەگەڵ سعودیە رێکبکەوێت و وتیشی: ئەم زیادکردنە رەنگە عێراق بخاتە قۆناغێکی دیکە بەتایبەت کە ئێستا بەدەست قەیرانی ئەمنی و ئابوورییەوە دەناڵێنێت.
ئەوەشی خستەڕوو، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی پابەندە بەکەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و رۆژانە بڕی 3.250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.