دەستوور، ئەو گرێیەی 30 ساڵە حزبەكان بۆیان نەكراوەتەوە

پۆڵەتیك پرێس

یەكەمین هەوڵی فەرمیی هەرێمی كوردستان بۆ نووسینەوەی دەستوور، لە ساڵی 2002 بوو، پەرلەمانی كوردستان لە خولی یەكەمی خۆیدا بە بڕیاری ژمارە (26) لە11/7/2020، پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستانی خستە ڕوو، بەڵام تا ئێستا هەرێمی كوردستان نەبووەتە خاوەنی دەستووری خۆی.

بە هۆی ململانێی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و قەیران لە پرۆسەی سیاسیی هەرێم و پەككەوتنی پەرلەمانی كوردستان، نەتوانرا لە كاتی كۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور لە خولی چوارەم، پرۆژەی دەستوور ئامادە بكەن، هەر بۆیە كارەكانی ئەم لیژنەیە ڕاوەستا، پاشان كە پەرلەمانی كوردستانیش كارا كرایەوە، خولی پێشووی پەرلەمان یەكلایی كردنەوەی پرۆژەی دەستووری سپارد بە خولی پێنجەم.

تا ئێستا حزبەكان وەڵامی پەرلەمانییان لەسەر پرۆژەی دەستوور نەداوەتەوە

مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، وەك دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە 12/4/ 2021 لەگەڵ سەرجەم سەرۆكی فراكسیۆنەكان و نوێنەری پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە پرسی دەستوور كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامداو داوامان لە سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكان كرد كە داوا لە لایەنە سیاسییەكانی خۆیان بكەن ڕا و سرنج و تێبینییەكانیان لەبارەی دەستوورەوە بگەیەننە ‌سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستەش 15ی ئەم مانگە وەك دووا وادە دانرابوو،بەڵام ئەو وادەیە كۆتایی هات و هیچ فراكسیۆنێك بە ‌فەرمی ڕا و سر‌نج و تێبینیی حیزبەكەنیان پێشكەش بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەكرد.

بە وتەی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، لە ئێستادا زەمینەی پەسەندكردنی دەستووری هەرێم لە بارنیە، پێش ئەوەی رەشنووسی پرۆژەی دەستوور ئامادە بكرێتەوە پێویستمان بە زەمینە سازییەكی تەواو هەیە پێویستمان بە كەشێكی ئارام و یەكترقبوڵكردن هەیە.

لە دانیشتنی ڕۆژی 24/6/2009،پەرلەمانی كوردستان پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستانی بە (95) دەنگ لە كۆی (96) ئەندامی ئامادەبوو، پەسەند كرد دوا بە دوای ئەمەیش، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری ژمارە (8)ی ساڵی 2009 ی دەركرد، كە تێیدا وێڕای پەسندكردنی پرۆژەی دەستوورەكە ئاماژە بەوە دەكات، كە لە ڕۆژی 25/7/2009 ڕاپرسی لەسەر پرۆژەی دەستوورەكە بكرێت، بەڵام كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند كە لە توانایاندا نییە لە ڕێكەوتی 25/7/2009 ڕاپرسی لەسەر پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن.

هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای حزبە و لایەنە سیاسییەكان

لە چوارچێوەی ئەو سەردانانەی نێچیرڤان بارزانی ئەنجامیدا بۆلای لایەنە سیاسییەكان لە چەند رۆژی رابردوو، رۆژی 3 ی ئایار سەردانی كۆمەڵی دادگەری كوردستانی كرد.

عەبدولستار مەجید، سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەری كوردستان دەڵێت، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم داوایانكردووە ئەو رەشنووسی دەستوورەی ئامادەكراوەتەوە بۆیان بنێرن بۆئەوەی راو سەرەنجی خۆیان لەسەربدەن، بەتایبەتی ئەوەی گرنگە بە لایانەوە رەچاوی زۆرینەی خەڵكی هەرێمی تێدابكرێت.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەریی وتی: زۆرئاساییە مشتومڕمان هەبێت لەسەر دەستوور و بیرورای جیاوازمان هەبێت شتێكی سرووشتییە، بەڵام لە كۆتاییدا دەبێت رەچاوی زۆرینە خەڵكی هەرێمی كوردستان بكرێت، ئایا خەڵكی هەرێمی كوردستان كە زۆرینەی موسڵمانە رازیە دەستوورەكەی عەلمانی بێت، عەلمانی بەواتای بێدینی یان حساب بۆ دین نەكات، یان ئایا دەكرێت دەستوورێك لە هەرێمی كوردستان هەبێت پێچەوانەی دەستووری عێراق بێت، كە ماددەی دووی دەستووری عێراق دەڵێت نابێت هیچ یاسا و رێنماییەك دەربكرێت پێچەوانەی بنەما نەگۆڕەكانی شەرع بێت.

بە گرنگی دەزانین سەرچاوەیەكی سەرەكی دەستوور ئیسلام و نەگۆڕەكانی ئیسلام بێت.

لەلایەكی دیكەوە فاتیح سەنگاوی، بەرپرسی سەنتەری توێژینەوە و راپرسی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت، بە گرنگی دەزانین سەرچاوەیەكی سەرەكی دەستوور ئیسلام و نەگۆڕەكانی ئیسلام بێت، بەڵام تاكە سەرچاوە نابێت.

باسی لەوەشكرد، دەستوور لە هەموو وڵاتێكدا كۆمەڵێك سەرچاوەی هەیە، چونكە هەموو شتێكی دەستوور بە مانای ئەوەنیە پێویستە پەیوەندی بە دینەوە هەبێت لەبەرئەوە بە گرنگی دەزانین سەرچاوەیەكی سەرەكی دەستوور ئیسلام و نەگۆڕەكانی ئیسلام بێت، بەڵام تاكە سەرچاوە نابێت هەر لە ئیسلامیشدا سەرچاوەی دیكە هەیە كە دادەنرێت بۆ بابەتی دەستوور.

جارێكی دیكە لە خولی چوارەمیدا پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی نوێی بۆ نووسینەوەی دەستوور دانا، كە لە (21) ئەندام پێك هاتبوون، ئەم لیژنەیە (90) ڕۆژ كاتیان بۆ دانرا بۆ نووسینەوەی پرۆژەیەكی نوێی دەستووری هەرێمی كوردستان و ئەگەر لەو كاتەدا تەواو نەبوو، دەكرێ بۆیان نوێ بكرێتەوە، ئەم لیژنەیە، لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و پێكهاتە نەتەوەیییە جۆراوجۆرەكان پێك هاتبوو بەڵام ئەو 90 ڕۆژەی دیاریكرابوو نەیتوانی كارەكانی خۆی تەواو بكات، بەهۆی ململانێ سیاسییەكان و داخستنی پەرلەمانەوە نەتوانرا وادەكەیان بۆ درێژبكرێتەوە، خولی چوارەمی پەرلەمان یەكلایی كردنەوەی پرسی دەستووری سپارد بە خولی پێنجەم پەرلەمان.

ئێستاش جارێكی دیكە جوڵەكان دەستیان پێكردووەتەوە بە ئاراستەی كاراكردنەوەی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور و پەسەند كردنی دەستوور، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئەم خولەی پەرلەمان دەتوانێت دەستووری هەرێم پەسەند بكات؟

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک