پۆڵەتیك پرێس
جێگری سەرۆكی هەرێم دەڵێت، ئەمریكا و هاوپەیمانان هەوڵی زۆریان داوە بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، ڕاوێژكارانی چوار وڵاتی گەورە لە وەزارەتی پێشمەرگەن بە مەبەستی ڕیفۆرم و ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە هێزەكانی هاوپەیمانان لەیەك نەخستنەوەی پێشمەرگە نیگەرانن.
جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، ئەمەریكا و هاوپەیمانان هەوڵی زۆریان داوە بۆ یەك خستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، ڕاوێژكارانی چوار وڵاتی گەورەی وەكو ( ئەمەریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا) لە وەزارەتی پێشمەرگەن بۆ ڕیفۆرم و ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، ئەوە چەند ساڵێكە خەریكن و بەرنامەی تۆكمەشیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە داناوە.
جێگری سەرۆكی هەرێم وتی: پێشمەرگە یەكینەگرتووەتەوە، بەڵام ڕووداو و پێشهاتەكانی وەكو شەڕی داعش و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا كۆسپ و ڕێگربوون، ئێستا هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە بەرەو پێشەوە دەچن، ئومێدی هەنگاوی گەورەتر هەیە لە ئایندەیەكی نزیكدا، ڕاستیشە تا حەدێك هاوپەیمانان نیگەرانن، بەڵام ئەوانیش ڕەچاوی كۆسپەكان دەكەن كە دێنە پێش.”
دەربارەی دروستكردنی لیژنەی هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و ئەگەری گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، جەعفەر شێخ مستەفا وتی: مەسەلەكە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە نیە، دروستبوونی هێزی هاوبەشە لە هەر دوولا بۆ شەڕی داعش، ئێستا داعش لەدەرەوەی رێگا سەرەكیەكان بە ئاشكرا بوونی هەیە و بووەتە مەترسی گەورە.