پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەریی دەڵێت، حكومڕانییەكی تەندروست و تەبایی ناوخۆ و وڵاتێكی دامەزراوەیی دوور لە میلیشیا زامنە بۆ ئەوەی ببینە خاوەنی دەستوور، هەرچەندە وروژاندنەوەی ئەم پرسە پەیوەندی بە هاتنە پێشەوەی هەڵبژاردنەوە هەیە بۆئەوەی بابەتێك بوروژێنرێت تا سەرەنجی خەڵك رابكشێن قەیران و خواستە گرنگەكانیان لە بیربچێتەوە.
كامەران بابان زادە، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵیی دادگەریی لە میانی بەشداری كردنی لە بەرنامەی راڤەی پۆڵەتیك لە رادیۆی پۆڵەتیك وتی:ئەمجارەش ئەو ئومێدە بەدی ناكرێت ببین بە خاوەنی دەستوور و لایەنە سیاسییەكان لە سەری رێك بكەون.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی كۆمەڵ وتیشی: لە پانێڵەكەی 19ی ئەم مانگەدا بینیمان بەشداربووانی پانێڵەكە جگە لە وتەكانی پارتی و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم، لایەنە سیاسییەكانی دیكە هێندەی باسییان لە بارودۆخی سیاسی و قەیرانی سیاسی و خراپی ژیانی خەڵك كرد كەمتر باسیان لە دەستوور كرد، بە مانایەكی دیكە دەیانویست بڵێن ئەگەر ئەم بارودۆخە خراپە سیاسیەی كە هەیە ئەگەر نابەتایی و كێشەی موچە و تێكچوونی رایەڵەی كۆمەڵایەتی و دەست تێوەردانی وڵاتان و هێرشەكانی توركیا چارەسەر نەكرێن بە دڵنیاییەوە قسە لە دەستوور بێ مانایە، ئەمەش پەیوەندی بە هاتنە پێشەوەی هەڵبژاردنەوە هەیە بۆ ئەوەی بابەتێكی گرنگ بوروژێنرێت تا سەرەنجی خەڵك رابكشێن قەیران و خواستە گرنگەكانیان لە بیربچێتەوە.
باسی لەوەشكرد، پێی وایە حكومڕانیەكی تەندروست و تەبایی ناوخۆ و وڵاتێكی دامەزراوەیی دوور لە میلیشیا، زامنە بۆ ئەوەی ببینە خاوەنی دەستوور.
روونیشیكردەوە، هێزە سیاسییەكان هەركات لە بەرژەوەندییان بوو بیر لە زۆرینە و كەمینە دەكەنەوە ئەگەر لە بەرژەوەندییان نەبوو بیر لە سازان دەكەنەوە لە رابردوودا وشەی سازان زیاتر ئەو هێزە سیاسییە باسی دەكرد كە ئێستا هەڕەشەی زۆرینە و كەمینە دەكات، هەرێمی كوردستان بەم جۆرە جوڵەیە ناتوانێت یەكڕیزی دروست بكات.