بەرەی توركمانی داوا لەكازمی دەكات رێگەنەدات پێشمەرگە بگەڕێتەوە كەركوك

پۆڵەتیك پرێس

بەرەی تورکمانی یەگکرتوو لە کەرکوک داوا لەسەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن دۆسیەی ئەمنی پارێزگاكە لەدەستی هێزەكانی حكومەتی فیدراڵدا بمێنێتەوە و هیچ لایەنێكی دیكە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسییەی ئەمنی پارێزگای كەركوك بەشداری پێنەكرێت ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو دەنگۆیانەی باس لەگەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن بۆكەركوك هاوكات بەرپرسێكی یەكتیش لەكەركوك رایدەگەیەنێت هەرهەنگاوێك بەرژەوەندی كوردی تێدا بێت ئەوان رەتیدەكەنەوەو دەستدەكەن بەدەركردنی بەیاننامە.

لە نامەیەکدا کە ئەمڕۆ 22ی ئایار بەرەی تورکمانی یەگکرتوو لە کەرکوک ئاراستەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردووە، ده‌ڵێن بوونی هەرهێزێك جگە لەهێزەكانی سەربەحكومەتی فیدراڵی لەناو کەرکوک پێچەوانەی دەستوور و بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراقە.

ئاماژە بەوەشدەكەن، پێكهێنانی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق پێویستە لەدەرەوەی كەركوك بێت.

هاوكات، نەجات حاجی تۆفیق، لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كەركوك بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی، سەركردە سیاسی و حیزبەسیاسییەكانی توركمانی لەكەركوك بەتایبەتی بەرەی توركمانی بەفەرمانی دەوڵەتی توركیا كاردەكەن و بەرەی توركمانیش لەعێراق لەلایەن میتی توركییەوە بەڕێوەدەبرێت.

لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كەركوك ئاماژەی بەوەشكرد، هەنگاوەكانی دروستكردنی ژووری هاوبەش و هەوڵدان بۆگەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ سنوری پارێزگای كەركوك ئارامی بۆ ناوچەكە دەهێنێت لەڕابردووشدا ئەوە سەلمێنراوە.

پێشتر، لیوا قارەمان كەمال جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، كردنەوەی ژوورە هاوبەشەكان پەیوەندی بەگەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەوە نییە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و  بەهیچ شێوەیەكیش باسنەكراوە.

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە 23ی ئایار ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان  پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری پارێزگای كەركوك  لە سەربازگەی K1 لە  کەرکووک دەست بەکاربن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا