پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید
بە چەند رۆژێک بەر لە پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەو باستورمەیەم هەڵگرت کە سەدام حسێن حەزی پێدەکرد و لەگەڵ خۆم بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی بردم، لەگەڵ ئەوەی بەر لە چەند ساڵێک دەستم لەکار کێشابووەوە، بەڵام هێشتا پەیوەندیم لەگەڵ کۆشکدا مابوو، ئەو خواردنانەم دروستدەکرد کە سەدام حەزی پێدەکردن و دەمبردن بۆی.
ئەوە قسەی شێفی تایبەتی سەدام حسێنە کە لە کتێبی “لەسەر خوانی دیکتاتۆر”دا هاتووە، ئەو کتێبە لەلایەن نوسەری پۆڵەندی ویتۆڵد زابلۆڤسکی نوسراوە و بۆ زمانی هۆڵەندی وەرگێڕدراوە.”
ئەبو عەلی ناوی خوازراوی شێفەکەی سەدام حسێنە، کە لەکتێبەکەدا ئاماژەی پێکراوە، یەکێک بووە لە شێفە تایبەتەکانی سەرۆکی پێشووتری عێراق.
لەکاتێکدا ئەبو عەلی فەرمانبەری وەزارەتی گەشتیاری عێراق بوو، کاتێک بۆ یەکەمینجار سەدام حسێن داوای ئامادەکردنی گۆشتی برژاوی لێکردووە، ئەوە بووە یەکەمین تاقیکردنەوە بۆ ئەبو عەلی کە سەرنجی سەدام حسێنى راکێشا و وایلێکرد بەبڕێک پارە پاداشتی بکات، دواتریش داوای لێکرد وەک شێفی یاریدەدەر لە کۆشکی سەرۆکایەتی کار بکات، کە لە ساڵانی دواییدا بووە شێفی سەرەکی سەرۆک، ئەوەش دەستپێکی یەکترناسینی نێوانیان بوو.
ئەبو عەلی لەپاڵ کۆمەڵێک شێفدا کاریدەکرد، کە لەو کاتەدا دەگەیشتنە ١٢ شێف، دووان لەو شێفانە بەتایبەت بۆ ساجدەی هاوسەری سەدام حسێن دانرابوون.
سەدام حسێن چۆن لەگەڵ شێفەکانی مامەڵەی دەکرد؟
بەپێی قسەی ئەبو عەلی، سەدام حسێن هەمیشە کەسە نزیکەکانی نوقمی دیاری و پاداشت کردووە، شێفەکانیشی لە کەسە نزیکەکانی بوون، ئەبو عەلی ئاماژە بەوەدەکات، هەموو ساڵێک جل و بەرگی پیاوانەی گرانبەهای پێشکەش دەکردن کە دروستکراوی ئیتاڵیا بوون، باسی لەوەشکردووە، بەرگدرووە ئیتاڵییەکان دەهاتنە عێراق و هەر لەوێ پێوانەی ئەو کەسانەیان دەگرت کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی سەدام حسێن کاریان دەکرد.
ماسی برژاو لە خواردنە هەرە دڵخوازەکانی سەدام حسێن بووە
لەبارەی ئەو خواردنانەش کە سەدام حەزی پێکردوون، بەگشتی خواردنە عێراقییەکان بوون، لەوانەش شلەی بامێ، شۆربای نیسک و شۆربای ماسی تایبەت بەو شوێنەی سەرۆکی پێشووی عێراقی تێدا لەدایکبووە و گەورەبووە لە تکریت، کە فەرمانی بە ئەبو عەلی کرد خۆی فێری ئەو خواردنانە بکات و دروستیان بکات، لە خواردنە هەرە دڵخوازەکانیشی ماسی برژاو بووە.
بەپێی قسەی ئەبو عەلی، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى سەدام حسێن ئەوە بووە، بەر لەوەی لەو خواردنانە بخوات کە بۆی ئامادەکراوە، دەبوو تیمی ئاسایشی تایبەت بە کۆشکی سەرۆکایەتی لە خواردنەکەی بخۆن، ئەوەشی بۆیە کردووە هەتا بزانێت ئایا هیچ هەوڵێک بۆ ژەهرخوارد کردنی نەدراوە؟ یەکێک لەو کەسانەی خواردنەکانی تاقیدەکردەوە کامیل حەنا بوو، کە یەکێک بوو لە هاوڕێ دڵسۆزەکانی سەدام.
سەدام حسێن زۆر حەزی بە خواردنەکانی ئەبو عەلی کردووە، بەجۆرێک تەنانەت لەگەڵ خۆی دەیبردە بەرەکانی جەنگ لە شەڕی عێراق- ئێراندا کە لە ساڵی ١٩٨٠ هەتا ١٩٨٨ بەردەوامی هەبوو، بەردەوام ئەبو عەلی خواردنى بۆ ئامادەکردووە.
سەدام بەگشتی حەزی لە خواردنە عێراقییەکان بووە، لەوانەش شلەی بامێ، شۆربای نیسک، شۆربای ماسی
ئەبو عەلی باسی لە هەندێک بارودۆخی پێکەنیناوی کردووە کە لەگەڵ سەدام حسێندا بەسەریهاتووە، بەنمونە جارێک لە یەکێک لە گەڕەکانیان لە نزیک رووبارێکی عێراق، سەدام سوربووە لەسەر ئەوەی بە دەستەکانی خۆی کفتە بۆ میوانەکانی لێبنێت، بەڵام لەکاتی لێنانیدا بڕێکی زۆر بەهاراتی بیبەری تونی تێکردووە، لەوکاتەشدا هیچ کام لە میوانەکان نەیانوێراوە سەرۆکەکە ئاگاداربکەنەوە لەوەی کفتەکەی بۆ خواردن گونجاو نییە، کاتێکیش سەدام لەبارەی کفتەکەوە رای ئەبوو عەلی پرسیوە، ئەو لەگەڵی راستگۆ بووە و راستییەکەی پێوتووە هەر لەسەر ئەو راستی وتنەش سەدام پاداشتی ماددی کردووە.
نوسەری کتێبەکە ماوەی سێ ساڵی لە بەدواداچوون بەدوای چیرۆکی ئەو شێفانەدا بەسەربردووە کە لە کتێبەکەدا ناوی هێناون، باسی لەوەشکردووە، هەموویان ترساون قسەی بۆ بکەن و چیرۆکەکانیان بگێڕنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە چەندین ساڵ بەسەر مردنی سەدامدا تێپەڕیووە کە کاریان بۆ کردوون، ئەو شێفانە شاهیدی رووداوی سەیربوون، تەنانەت هەندێکیان لەلایەن سەرۆکەکانەوە زیندانی کراون و بەهۆکاری جیاواز ئازاردراون، هەندێکیان بەهۆی ئەوەوە سزادراون کە خواردنەکانیان بەدڵى سەدام نەبووە.