ژووری ئۆپراسیۆنی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەكەركوك دەست بەكاردەبن

پۆڵەتیك پرێس

سبەینێ ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان  پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری پارێزگای كەركوك  دەست بەكار دەبن و لێپرسراوێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەش رایدەگەیەنێت، ئەركی ژوورە هاوبەشەكە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی و بنبڕكردنی چالاكییەكانی داعشە لەوسنوورە.

لیوا قارەمان كەمال جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە تێبینی هەبووە لەسەر ژمارەو پێكهاتەی  ژوورەكان و ئەو شوێنانەی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق تێدا دەكرێتەوە.

وتیشی، لە كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەڤدی وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عێراق كێشەكان چارەسەركران و بڕیاردرا بەزووترین كات ئەو ژوورە هاوبەشانە بكرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد،  سبەینێ‌ 23 ی ئایار ژووری هاوبەشی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەربازگەی  K1 لەسنوری پارێزگای كەركوك دەست بەكاردەبن و ئەركیان ئاڵوگوڕكردنی زانیاری و دانانی بەرنامەیە بۆ چۆنێتی رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش و رێگری لەئەنجامدانی چالاكییەكانی داعش لەكەركوك و ئەنجامدانی كاری هاوبەشی سوپاری عێراق و پێشمەرگە پێكەوە.

بەوتەی جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، كردنەوەی ژوورە هاوبەشەكان پەیوەندی بەگەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەوە نییە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و  بەهیچ شێوەیەكیش باسنەكراوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان هەشت ئەفسەری پێشمەرگە لە لیواکانی 1 و 2 ی وەزارەتی پێشمەرگە نوێنەرایەتی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن لە ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان  پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری پارێزگای کەرکوک كە بارەگای ژوورە هاوبەشەكە دەکەوێتە ناو سەربازگەی  K1 لە کەرکوک.

هاوكات بڕیارە لەم هەفتەیەدا ژوورەهاوبەشەكانی نێوان نێوان  پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەخمور  و موسل بكرێنەوە ئەوەش دوای ئەوە دێت سەرەتای هەفتەیەى پێشوو ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان  پێشمەرگە و سوپای عێراق لەقەزای خانەقینی سەربەپارێزگای دیالە دەستبەكاربوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا