پۆڵەتیک پرێس
سەرۆکی فەڕەنسا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕەخنە لە سەرۆکی تورکیا دەگرێت و ڕایگەیاند، پێویستە سەرکردەکانی ناتۆ لە لوتکەکەی داهاتوودا پابەندبوونی خۆیان بە بەها و یاساکانی ناتۆ ئاشکرا بکەن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا ئەمڕۆ هەینی ٢١ ی ئایاری ٢٠٢١ لەگەڵ یانس ستۆڵتنبێرگ، ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی “ناتۆ” داوای لە سەرکردەکانی هاوپەیمانێتیەکە کرد لە لوتکەی داهاتوویان بەڕوونی گفتوگۆ لەسەر چەمکی “پێکەوەیی ” بکەن.
لوتکەی داهاتووی لە مانگی تەموزی ئەمساڵ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەدەچێت.
ماکرۆن لە وتەکانیدا وتی، “کاری پێکەوەیی واتە لەنێوان خۆماندا ڕوون بین لەبارەی ئەو بەها و یاسا و بنەمایەنەی کە هاوپەیمانێتیەکەمان لەسەری دامەزراوە، هەماهەنگی نێوان هاوپەیمانان تەنها وشەیەک نییە کە هیچ مانایەکی لە هیچ شوێنێکدا نەبێت، بریتیە لە ئەرک و بەرپرسیاری بەرامبەر یەکتر و پابەندبوونی هەر هاوپەیمانێک بە یاسا نێودەوڵەتیەکانەوە”.
لە پەیامێکیشیدا کە بە ناڕاستەخۆ مەبەستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بوو ماکرۆن وتی، ” پێویستە دەوڵەتانی ناو ناتۆ تەنها سەرنج نەخەنە سەر ئەو بەرژەوەندیانەی کە ناکۆکە لەگەڵ بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانیان وەک لەم ساڵانەی دواییدا لە سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لیبیا و قەفقاز ڕوویدا”.