یەکێتی نیشتیمانی داوایەک لەبەغدا دەکات

پۆڵەتیک پرێس

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان داوای لەحکومەتی بەغدا کرد فشاربخاتەسەر تورکیا تا پێشێلکارییەکانی بۆسەر خاکی کوردستان بوەستێنێت.

لەوبارەیەوە تارق جەوهەر، ئەندامی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، “هەرێم ناڕازییە لەدەستوەردانە دەرەکییەکان، لەنێویشیاندا دەستوەردانی تورکیا و ئێران، ساڵانی رابردووش پەرلەمانی کوردستان داوای لەتورکیا کردووە هێزەکانی بکشێنێتەوە، بەڵام لاوازی هەڵوێستی بەغدا بووەتەهۆی مانەوەی زیاتری ئەم هێزە تورکیانە و بۆردومانکردنی ناوچە کوردییەکان”.

تارق جەوهەر پەنابردنەبەر چارەسەری سەربازی دژی تورکیا رەتکردەوە و وتی: چارەسەرە سیاسی، ئابوری و دیبلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان باشتر دەتوانن چارەسەری ئەم دۆخە بکەن و ئەو رێککەوتنە کۆنانە هەڵبوەشێننەوە کە تورکیا بەهۆیانەوە سەروەری ئەم خاکە پێشێل دەکات.

باسی لەوەشکرد، تورکیا کار بەو رێککەوتنە کۆنانە دەکات کە لەکاتی خۆیدا رێگەیان بەهەردوو حکومەتی عێراق و تورکیا دەدا پێشێلکاری دژی کوردانی هەرێم و کوردانی باکور ئەنجامبدەن.

تارق جەوهەر داوای کرد سکاڵا لەلای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژی تورکیا تۆماربکرێت تا هێزەکانی لەکوردستان بکشێنێتەوە، داواشیکرد هەماهەنگی نێوان عێراق و کوردستان پتەوتر بکرێت تا شکست بە هەموو دەستوەردانێکی دەرەکی بهێنرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا