حزبی شیوعی: هەڕەشەیەكی زۆر لەسەر قەوارەی هەرێم هەیە

پۆڵەتیك پرێس

سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان دەڵێت، هۆشداری نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكانیش نەبێت ئەو راستییە روونە كە هەڕەشەیەكی زۆر لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام كاتێك نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان ئەو قسەیە دەكات گرنگترە چونكە ئەگەر كەسێك لە ناوخۆی كوردستان ئەو قسەیە بكات بە شێوەی جیاواز لێكدانەوەی بۆ دەكرێت.

كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: نە وڵاتانی درواسێ‌ و نەعێراقیش لەگەڵ بوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان نین، هێزە عێراقییەكان پێیان وایە ئەم قەوارەیە فەرزكراوە لە كاتێكدا ئەوان لاوازبوون.

سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان وتی: رووداوەكان ئەوەمان پێدەڵێن هەوڵبدرێت یەكڕیزی دروست بكرێت، یەكڕیزیش بە مانای ئەوەنیە هەموو لایەنەكان وەكو یەكتری بیربكەنەوە، یان بە مانای لیستی هاوبەش نیە بۆ هەڵبژاردن، یەكڕیزی بەمانای ئەوەیە چۆن ئەم قۆناغە بخوێنینەوە و ئەركەكان دەست نیشان بكەین و چۆن خۆمان بۆ داهاتوو ئامادە بكەین.

رۆژی چوارشەممە، 19 ی ئایار جێنین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق لەمیانی كۆنفرانسی یەكڕیزی و دەستوور لە هەولێری پایتەختی هەرێم هۆشداری ئەوەیدا بە دەسەڵاتدارانی هەرێم كە مەرج نیە ئەم قەوارەیەی ئێستای هەرێم تا هەتایە بەم شێوەیە بمێنێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا