بۆ رێككەوتنی هەرێم و بەغدا ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپا لەسەر هێڵن

پۆڵەتیك پرێس

بەپێی زانیارییەكان لە چەند رۆژی رابردودا ئەمریكاو بەریتانیاو یەكێتی ئەوروپا لەسەر هێڵ بوون تاوەكو هەردوو لایەنی هەرێم و بەغدا پەلە بكەن لەسەر رێككەوتنی نێوانیان تاوەكو كۆتایی بەچارەسەركردنی كێشەكانیان بهێنن.

سەرچاوەیەكی باڵا لەحكومەتی هەرێم كە نەیویست ناوی بهێنرێت بە پۆڵەتیك پرێسی وت، بۆ رێكەوتنەكەی چەند رۆژی رابردو هەروەها بۆ رێككەوتنی نوێش فشارو هەوڵی وڵاتانی دەرەوەو بەتایبەت ئەمریكا هەبووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەریەكە لە بەریتانیاو یەكێتی ئەوروپاش كار لەسەر چارەسەری كێشەكان دەكەن و دەیانەوێت هەرچی زووە هەرێم و بەغدا بگەنە چارەسەری كێشەكانیان.

لە سەردانی شاندی حكومەتی عێراق بۆ ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لە عێراق كێشە داراییەكانی هەرێم و بەغدا چارەسەر بكات و لە بودجەی ساڵی نوێدا پكشی هەرێم یەكلایی بكرێتەوە.


لە چەند رۆژی رابردوشدا وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021دا بەشە بودجەی هەرێم جێگیردەكەن.

بەپێی زانیارییەكان فشاری ئەو وڵاتانە رۆڵی هەبووە لەسەر هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا تاوەكو رێككەوتنی نێوانیان پەلەی تێدا بكرێت.

هاوكات جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند، گرنگە هەردوولا بگەنە رێككەوتن، چونكە تاكە رێگەی چارەسەرە بۆ ئەوەی كۆتایی بە كێشە داراییەكانی هەرێم بێت.

لای خۆشییەوە سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە پۆڵەتیك پرێس راگەیاند، “لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی بەغدا دەكەنەوە، ئەوەی ئێستا كراوە رێككەوتنێكی كاتییەو بۆ ماوەی چوار مانگە، دوای سەری ساڵ دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای بودجە پەسەند دەكات ئێمە پابەند دەبین بەو ئیلتیزاماتانەی بۆمان دادەنرێت”.

 

لەماوەی رابردودا بەهەوڵی یەكێتی، بەغداو هەرێم رێككەوتن بەجۆرێك بەغدا بڕیاریدا مانگانە بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەرێم بنرێت، لەبەرامبەریشدا هەرێم رازی بوو بەرادەستكردنی داهاتی سەدا 50ی داهاتی خاڵە سنوورییەكان بۆ حكومەتی ناوەند.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا