یەکێتی ئەوروپا: باوەڕی تەواومان هەیە کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی چالاک دەکرێتەوە

پۆڵەتیک پرێس

یەکێتی ئەوروپا باوەڕی خۆی پیشاندا بەوەی لایەنەکان دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ئێران وەک دەرئەنجامی گفتوگۆکانی ڤییەنا کە چەند هەفتەیەکە بەردەوامە.

ئنریک مۆرا، بەڕێوەبەری سیاسی یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ ی ئایاری ٢٠٢١، لە کۆنگرەیەکدا لەبارەی کۆتاییهاتنی قۆناغی چوارەمی گفتوگۆکانی ڤییەنا ڕایگەیاند، قۆناغی پێنجەمی گفتوگۆکان هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکەنەوە.

مۆرا جەختی لەوەش کردەوە “باوەڕی تەواو”ی هەیە کە لایەنەکانی گفتوگۆکانی ڤییەنا دەگەنە بڕیاری کۆتایی بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ئێران کە ساڵی ٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا یەکلایەنە لێی کشایەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، قۆناغی چوارەمی گفتوگۆکان کە ئەمڕۆ کۆتایی هات لە قۆناغەکانی پێشتر ئەرێنی تر بوو، بەڵام هێشتاش هەندێ کار ماوە کە لایەنەکان ئەنجامی بدەن.

ماوەی سێ هەفتەیە ڤییەنا میوانداری بەڕێوەچوونی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات بەئامانجی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی .

گفتوگۆکان لەنێوان ئێران لەلایەک و ڕوسیا وچین و فەڕەنسا وئەڵمانیا و لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەچوون، نوێنەرانی ئەمریکاش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەناو گفتوگۆکاندان چونکە کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر ڕەتی کردەوە بەشێوەی ڕووبەڕوو دانوستان لەگەڵ واشنتن ئەنجامبدات.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک