پۆڵەتیك پرێس
یەكەم ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری خانەقین كارەكانی تەواو بووە و دەست بەكار دەبن و لێپرسراوێكی باڵای هێزەكانی پێشمەرگە لەسنوری گەرمەسێر رایدەگەیەنێت، ئەركی ژوورە هاوبەشەكە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی و بنبڕكردنی چالاكییەكانی داعشە لەوسنوورە.
دلێر شكور، فەرماندەی لیوای سێی وەزارەتی پێشمەرگە لەسنوری میحوەری یەكی گەرمەسێر بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری میحوەری یەك و دووی پێشمەرگە بەم زووانە دەست بەكاردەبن ئەویش دوای ئەوەی دوێنێ بڕیاری دەستبەكاربوون بۆ نوێنەرانی پێشمەرگە لە ژوورەهاوبەشەكە دەرچووە.
وتیشی، هەموو ئامادەكارییەك تەواو بووە بۆئەوەی نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگەو سوپای عێراق لە یەكەم ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسنوری خانەقین دەست بەكاربن تەنها ئەوەی كەماوە ئاڵوگۆڕكردنی زانیارییەكان و دانانی بەرنامەی كارەكانە لەوژوورە هاوبەشەدا.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێنج ئەفسەر بەپلەی باڵا وەك نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ ژماریەك ئەفسەری پلەباڵای سوپای عێراق لە ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری میحوەری یەك و دووی پێشمەرگە لەگەرمەسێر دەستبەكاربوون.
پێشتریش مەحمود سەنگاوی، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند، بەم زووانە ژوور ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق لەسنوری موسڵ و كەركوك و دیالە و مەخمور دەستبەكاربن.
پێكهێنانی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق لەكاتێكدایە لەماوەی رابردوودا بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنی لەناوچەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، چەکدارانی داعش چەندین هێرشیان کردوووە تەسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و بەهۆیەوە چەندین پێشمەرگە شەهید و برینداربوون.