داکشانی ئیسلامی سیاسی

حەسەن یاسین
ئیسلامی سیاسی ئەمڕۆ لەتەنگژەدایە و کێرڤی روو لەخوارە، شارەزایانی کاروباری بزووتنەوە ئیسلامییەکان باس لە سەرەتای کۆتایی لەناوچەکەدا دەکەن، هەڵبەت بۆ ئەم بۆچوونەشیان پشت بەچەند راستییەک دەبەستن، لەوانە:
– هەڵکشانی داعش و بەرەی نوسرە، لەم دە ساڵەی دواییدا لە عیراق و سوریا و ئەو تراژیدیا مرۆییانەی بەهۆی دڕندەیی زۆریان بەدوای خۆیاندا هێنایان، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر رای گشتی عەرەبی، نەک هەر لەم دوو وڵاتەدا کە ئاماژەمان پێکردن، بەڵکو لەسەر سەرجەم وڵاتانی عەرەبی دانا و بووەمایەی ئەوەی خەڵک نەفرەت لەئیسلامی سیاسی بکەن!

– ئەزمونەکانی فەرمانڕەوایی ئیسلامی سیاسی یەک لەدوای یەک شکستیانخوارد: سودان، ئەزمونی کورت و نەفامانە و ناسیاسییانەی ئیخوان لە میسر، ئەزمونی ئیدارەی حەماس لە کەرتی غەززە و ئەزمونی درێژخایەنی شیعەگەر لە ئێران.

– نائومێدبوونی ئیسلامییەکان لە ئەزمونی فەرمانڕەوایی ئیسلامی سیاسی لە تورکیا، پاش ئەوەی ئومێدێکی زۆریان لەسەری هەڵچنیبوو. سەرەڕای ئەوەی شانازییان بەوە دەکرد کە نمونەیەکی خۆگونجێنە لەگەڵ بەهاکانی سەردەم و بنەماکانی دیموکراسی و پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ، کەچی هەموو ئەمانە بڵقی سەر ئاوبوون و سەرەنجام فەرمانڕەوایی داد و گەشەپێدان بوو بە فەرمانڕەواییەکی ئۆتۆکرات و تاکڕەو لەناوخۆی تورکیادا..

– هەموو ئەم نمونانەی بزووتنەوە ئیسلامییەکان، نەیانتوانی دیدگایەکی ئابوری و کۆمەڵایەتیی گونجاو لەگەڵ سەردەم لەبارەی فەرمانڕەواییەوە پێشکەش بە موسڵمانان بکەن و پیشانی دنیای بدەن کە ئەم نمونەیەی فەرمانڕەوایی ئەوان لە فەرمانڕەوایی ژەنەڕاڵەکان و سەرکۆمارەکان باشترە، ئەگەرچی سوپایەک لە زانای دینی و خۆبەئامۆژگاریزانیان لەپشتەوەبوو، بەڵام واقیع دەریخست، ئەمانە، رۆڵەی ئەم سەردەمە نین و بیروباوەڕەکانیان بەکەڵکی ئەم رۆژگارە نایەت، هەموو ئەو بیرۆکانەی هەیانە ژیانە بەخەیاڵی رابردووەوە، لەجیاتی ئەوەی ژیانی خەڵک باش بکەن، دەیانەوێ بۆ ژیانی رابردوو بیانگێڕنەوە. ئەو ژیانەی لەرابردوودا، خەڵک لەسایەیدا حەساوە نەبوو، ئەمڕۆ چۆن دەتوانێ بەهەمان ریتم بژی و حەساوەش بێت!

– نمونەکانی فەرمانڕەوایی بزوتنەوە ئیسلامییەکان، نەیانتوانی لەنێو ئەو تۆڕە نێودەوڵەتییەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، کە سەرجەم دەوڵەتانی دنیا، بیانەوێ یان نا، دەبێ پێوەندییان بەیەکەوە هەبێ، زنجیرەیەک پێوەندیی نێودەوڵەتیی دروست، لەنێوان دەوڵەتەکەی خۆیان و دەوڵەتانیتر دروست بکەن و شکستیان لەبواری پێوەندیی نێودەوڵەتیدا بووەمایەی ئەوەی توشی گەلێ گرفت ببن، کە چارەسەرکردنیان زەحمەت بێت.

راستییەکەی بە وردبوونەوە لە فەرمانڕەوایی ئەو حزبە ئیسلامییە سیاسییانەی لەناوچەکەدا فەرمانڕەواییان کرد و هەشیانە هێشتا هەر فەرمانڕەوایە، دەمانگەیەنێتە ئەوەی بتوانین بڵێین، بەگشتی، هیچیان، نەیانتوانی نمونەیەکی فەرمانڕەوایی دروست، نە پێشکەش بە خەڵکەکەی خۆیان بکەن، نەبەدنیا!
ئەگەر تەنیا یەکێکیان بەنمونە وەربگرین، کە تورکیایە، دەبینین لەلایەکەوە سەرکردەکەی داد و گەشەپێدان، ئەردۆغان، کە هێستا سەرگەرمی خەونبینینە بە سەڵتەنەتی عوسمانییەوە، ئەو خەوە بەرینەداوەو لەم سەردەمی سەدەی بیست و یەکەمەدا دەیەوێ وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ نمونەیەکی رابردووی فەرمانڕەوایی کە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسایەیدا چەوساوەو برسی بوون، لەلایەکیدیشەوە، بۆ سەرنج لابردن لەسەر دۆخی خراپی ئابوری و کۆمەڵایەتیی ناوخۆی و بردنەدەرەوەی کێشەکانی، سوپای وڵاتەی بردۆتە نێو قوڵایی خاکی چەندین وڵاتەوە، بێئەوەی ئەو سوپایە جێی رەزامەندیی خەڵکی ئەو وڵاتانەبێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی باری ئابوریی وڵاتەکەی رۆژ بەرۆژ پتر لە داتەپینەو ئازادییەکانیش پتر و پتر بەرتەسک دەکرێنەوە و گرتیخانەکانیش پڕن لە ئازادیخواز!

ئەمەیە حاڵی ئەم نمونەیەی فەرمانڕەوایی ئیسلامی سیاسی کە خۆیان پێبادەدا و شانازییان دەکرد بەوەی کە گوایە باشترین نمونەی چاکسازییە! کەچی واقیع دەریخست خراپترین نمونەی شکستخواردووی فەرمانڕەوایی سەردەمە!

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک